راوێژكارێكی كۆشكی سپی: هه‌ژانی لیره‌ی توركی و دابه‌زینی به‌هاكه‌ی په‌یوه‌ندی به دووركه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌نقه‌ره له دیموكراسییه‌ت هه‌یه
كیڤن هاسیت، راوێژكاری ئابووری له كۆشكی سپی ده‌ڵێت: "كاتێك وڵات په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ لیبراڵییه‌ت و دیموكراسییه‌ت ده‌بڕێ، ئه‌وكاته نازانرێت به‌دیاریكراوی چی به‌سه‌ر ئابوورییه‌كه‌ی دێت و چی رووده‌دات".
روونیشیكردووه‌ته‌وه، له كاتێكدا 40% به‌های لیره له ده‌ستچووه، ئه‌وه واتای ئه‌وه‌یه به‌شێكی گه‌وره‌ی ئابووری وڵاته‌كه ته‌ندرووست و باش نییه، چونكه ئه‌مه‌ریكا ته‌نها باجی له‌سه‌ر شیش داناوه و ئه‌وه‌ش به‌شێكی بچووكی ئابووریی توركیا پێكده‌هێنێ".
هاسیت ده‌ڵێت: "ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌بایه‌خه‌وه چاودێریی ره‌وشی لیره‌ی توركی ده‌كات".
له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا ئێستا لیره‌ی توركی 40% به‌های خۆی به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مه‌ریكی له ده‌ستداوه و ترسێكی گه‌وره‌یش لای وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان درووستبووه سه‌باره‌ت به ده‌ستوه‌ردانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا له ئابووری وڵات و داواكارییه دووباره‌كانی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی سوود بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڵاوسان، جگه له‌و دۆخه‌ی به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره و واشنتنیش هاتووه‌ته ئاراوه.
رۆژی هه‌ینی رابردوویش، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا باجی له‌سه‌ر ئه‌له‌منیۆم و شیش و ئاسنی توركیا زیادكرد. پاش ئه‌وه‌ی به‌هۆی كێشه‌ی ئازادنه‌كردنی قه‌شه ئه‌مه‌ریكییه‌كه سزای به‌سه‌ر هه‌ر دوو وه‌زیری داد و ناوخۆی توركیا سه‌پاند.
K24
