شا عەبدوڵڵا هەڕەشەکی توند لە توندڕەوانی وڵاتەکەی دەکات
شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی سیاسەتە نیشتمانییەکانی وڵاتەکەی لەکۆشکی حوسەینی، رایگەیاندووە، هەموو ئەو کەسانەی ئارامیی و ئاسایشی ئوردن و هاووڵاتییانی تێک دەدەن، سزا دەدەن.
شا عەبدوڵڵای دووەم هەڕەشەی کردووە و رایگەیاندووە، ”شەڕی دەرچووەکان دەکەین و بەبێ هیچ بەزەییەک و بە بەهێزییەوە لێیان دەدەین“.
ئەو هەڵوێستەی شای ئوردن دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی شارۆچکەی فەحیس و رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان و چەند تیرۆریستێک، دێت.
رۆژی هەینی 10/8/2018، چەند چەکدارێک بۆمبێکیان لە ژێر ئۆتۆمبێلێکی جەندرمەی ئوردنی (بەشێکە لە هێزەکانی ئاسایش) لە شارۆچکەی فەحیس تەقاندەوە و بووە هۆی گیان لەدەستدانی ئەفسەرێک و برینداربوونی شەش کارمەندی هێزەکە.
ئەو چەکدارانەی پلانداڕێژەر و ئەنجامدەری ئەو هێرشە تیرۆریستییە بوون، خۆیان لەناو خانووێکی شاری سەڵت لە رۆژئاوای عەممانی پایتەخت حەشار دابووو هێزە ئەمنییەکانیش گەمارۆیان دان.
جومانە غونەیمات، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری راگەیاندن رایگەیاندووە، شەوی شەممە 11/8/2018 هێزە ئەمنییەکان بە دوو قۆناغ هەڵیانکوتایە سەر ئەو چەکدارانە و پێنج چەکدار دەستگیر کراون.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا، پێنج کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی ئوردن گیانیان لەدەست داوە و چەکدارەکانیش رەتیان کردووەتەوە خۆیان رادەست بکەن، بۆیە بۆمبێکیان لە ماڵەکە بەخۆیاندا تەقاندووەتەوە و بەشێکی خانووەکە رووخاوە و پێنج چەکداریش دەستگیر کران.
باسنیوز
