نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی سووری دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان

 نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی سووری دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان
سەنتەری پێشوازی و دابەشکردنی ئاوارەکان لە سووریا رایگەیاندووە، نزیکەی دوو ملیۆن سووری ئامادەیی خۆیان بۆ گەرانەوە بۆ وڵاتەکەیان، دەربڕیوە.

سەنتەرەکە، کە سەر بە رژێمی سووریایە، رۆژی شەممە 11/8/2018 لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، زیاتر لە یەک ملیۆن و 700 هەزار ئاوارەی سووری لە نۆ وڵاتی دراوسێی سووریا، ئەوروپا و ئەمریکای باشوور ویستی خۆیان بۆ گەڕانەوە نیشان داوە.

ئەو سەنتەرە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە 24 کاتژمێری داهاتوودا 142 ئاوارەی سووری لە لوبنان گەڕاونەتەوە و 288 ئاوارەی دیکەش لە هەمان ماوەدا، لە ناوخۆی سووریا گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.


ژمارەی ئەو ئاوارە سوورییانەی دەیانەوێ بگەڕێنەوە و ناوی ئەو وڵاتانەی پەنایان بۆ بردووە:



- 889 هەزار و 31 ئاوارەی سووری لە لوبنان.

- 297 هەزار و 342 ئاوارەی سووری لە تورکیا.

- 174 هەزار و 897 ئاوارەی سووری لە ئەڵمانیا.


- 149 هەزار و 268 ئاوارەی سووری لە ئوردن.

- 101 هەزار و 233 ئاوارەی سووری لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

- 99 هەزار و 834 ئاوارەی سووری لە میسر.


- 412 ئاوارەی سووری لە دانیمارک.

- 149 ئاوارەی سووری لە بەرازیل.

- 68 ئاوارەی سووری لە نەمسا.


لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد دروست بووە.

بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.









باسنيوز
Top