وەزارەتی دەرەوەی پاکستان: مافی خۆمانه بەردەوامیی بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بدەین

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان: مافی خۆمانه بەردەوامیی بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بدەین
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان هەڵوێستی خۆی لەبارەی سزا سەپێندراوەکان بەسەر ئێران ئاشکرا کرد.



بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (ئیرنا)ی ئێرانی، محەمەد فەیسەڵ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاندووە، وڵاتەکەی مافی خۆیەتی بەردەوامیی بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بدات.



محەمەد فەیسەڵ هەروەها رایگەیاندووە، حکوومەتەکەی ئێستا تاوتوێی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەکات، بەڵام ”ئێمە وڵاتێکی سەربەخۆین و مافی بڕیاری خۆمان هەیە“.



دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.



شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.



رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.



وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.





باسنیوز
Top