تورکیا بۆ رزگارکردنی لیرە پەنا بۆ ئەمریکا دەبات

 تورکیا بۆ رزگارکردنی لیرە پەنا بۆ ئەمریکا دەبات
حکوومەتی تورکیا بۆ رزگارکردنی لیرەی وڵاتەکەی لە داڕووخان، پەنا بۆ ئەمریکا دەبات.



بەپێی زانیارییە بڵاو کراوەکان، لەم یەک دوو رۆژە شاندێکی حکوومەتی تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، سەردانی واشنتن دەکات.



پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی ناکۆکییەکانییەوە لەگەڵ تورکیا، بڕیاری لادانی بەخشینی تورکیای لە رسووماتە گومرگییەکان دابوو، بەمەش زیانێکی گەورەی دارایی بە کەلوپەلی هەناردەی تورکیا بۆ ئەمریکا دەگات، کە زیانەکە دەگاتە نزیکەی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.



شاندە تورکییەکە لە واشنتن هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە دەدەن، کە بەهۆی دەستبەسەرکردنی قەشەیەکی ئەمریکی لە تورکیا، گەیشتووەتە حاڵەتێکی خراپ.



دوای بڕیاری لادانی بەخشینی کەلوپەلە تورکییەکان لە رسووماتی گومرگی، بەهای لیرەی تورکی دابەزی و گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی و یەک دۆلار بووە پێنج لیرە و 26 قروش.



ئەمریکا بەهۆی دەستبەسەرکردنی قەشە ئەندرۆ، بڕیاری داوە دەست بەسەر ماڵ و موڵکی هەردوو وەزیری داد و ناوخۆی تورکیا لە ئەمریکادا بگرێت و رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیاش هەڕەشەی سزایەکی هاوشێوەی لە هەردوو وەزیری داد و ناوخۆی ئەمریکا کرد.



قەشە ئەندرۆ برانسۆن، کە قەشەیەکی ئەمریکییە و لە تورکیا دەژی، نزیکەی دوو ساڵە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ئیزمیر لە تورکیا، دەستبەسەر کراوە.



حکوومەتی تورکیا فەتحوڵڵا گیولەن بە پیلاندانان بۆ کودەتا شکستخواردووەکەی بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا لە تەمموزی 2016 تۆمەتبار دەکات و داوا لە ئەمریکا دەکات بینێرێتەوە تورکیا، کە ئێستا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا دادەنیشێت.




باسنیوز
Top