ئێران: ئەگەری گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا لە ئارادا نییە

 ئێران: ئەگەری گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا لە ئارادا نییە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە ئاشکرای کرد لەگەڵ ئەمریکای ئێستا و ئەو سیاسەتانەی کە دژی ئێران گرتوویەتە پێش، بە هیچ لەونێ دەرەتانی گفتوگۆ و دانوستان لە ئارادا نییە و هیچ متمانەیەکی پێ ناکرێت.



بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە 2018/7/30 لە پرێس کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی حەفتانەیدا لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی شەڕە قسەی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئەگەری گفتوگۆ لەگەڵ ئەو وڵاتە گوتی: "باسکردن لەبارەی ڕێککەوتنی ناوکی ڕوون و ئاشکرایە، هەندێ بابەت لەلایەن ئەمریکا و هەندێ وڵاتی دیکەوە لەبارەی سیاستەکانی ئێران خراونەتە بەرباس، بەڵام ئەم پرسانەوە پەیوەندییان بە ڕێککەوتنی ناوکییەوە نییە".



ئاماژەی بەوەش کردووە: "لەوانەیە هەندێ لایەن لەناو حکوومەتی ئەمریکا بابەتی گفتوگۆ باس بکەن، بەڵام بەپێی ئەو دۆزی ئێستا بۆ وێنە هاتنە دەرەوەی ئەو وڵاتە لە ڕێککەوتنی ناوکی، و هەوڵدان بۆ زەخت و گوشاری ئابووری بۆ سەر ئێران و خستەنەوە گەڕی دانوستانەکان، هیچ دەرەتان و هەلومەرجێک بۆ دانوستان لە ئارادا نییە".



لەبارەی هەندێ لە قسە و لێدوانەکانی ئەمدوایەی دۆناڵد ترەمپ، لەدژی ئێران گوتی: "بەڕێز ترەمپ هەر ڕۆژ کە لە خەو هەڵدەستێت، پێی وایە دونیاش لەگەڵ ئەو هەڵدەستێت، بۆیە نابێ قسە و لێدوانەکانی بە جیدی بگرین و بایەخیان نییە".



لەبارەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی ستراتیژیی وڵاتانی عەرەبی (ناتۆی عەرەبی) کە دەگوترێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران، بەهرام قاسمی ڕای گەیاند: "ئەمریکا ئامانجی لەم کارە تەنیا دۆشین و کەڵکی نابەجێیە لە وڵاتانی عەرەبی و ئەو کارە لەدژی ئێران سەرناگرێت".






باسنيوز
Top