وەزیری بەرگریی ئەمریكا: سزاكانمان بۆ سەر توركیا كەرتی سەربازی ناگرێتەوە
وەزیری بەرگریی ئەمریكا، لە پرێس كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، ئەمریكا هەر سزایەكی توركیا بدات، سزاكە كەرتی سەربازی ناگرێتەوە.
دوو رۆژ بەر لە ئێستا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، هەڕەشەی لە توركیا كرد بەوەی ئەگەر قەشە ئەمریكییەكە ئازاد نەكەن، توركیا ڕووبەڕووی سزای توند دەكەنەوە و توركیاش بێمنەتیی خۆی دەربڕی و ڕای گەیاند ئامادە نییە ئەو قەشەیە ئازاد بكات.
جەیمز ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمریكا، دوێنێ هەینی 2018/7/27 لە پرێس کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەناو كۆشكی سپی چەند زانیارییەكی لەبارەی سزاکانی ئەمریكا بۆ سەر توركیا ئاشكرا كرد.
ئاماژەی بەوەش دا كە ئەمریكا هەر سزایەكی توركیا بدات، كەرتی سەربازی ناگرێتەوە و لەو ڕووەوە لەگەڵ توركیا پەیوەندیی باشیان هەیە و پەیوەندییە سەربازییەكانیش بەردەوام دەبن.
لە ساڵی 2016 حكوومەتی توركیا ئەندرێو برۆنسۆن، قەشەی ئەمریكیی بە تۆمەتی ئەوەی سەر بە گرووپی تیرۆرستییە، هەروەها بە نهێنی كاری بۆ فەتحوڵا گولەن کردووە، دەستگیر كرد.
دادگای توركیا داوای کردووە ئەو قەشەیە بۆ ماوەی 16 ساڵ زیندانی بكرێت، بەڵام دۆناڵد ترەمپ پێی وایە ئەو قەشەیە هیچ تاوانێكی نەكردووە و بە ناحەق دەستگیر كراوە.
باسنیوز
