رێککەوتنێکی پوتین و نەتانیاهۆ لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئاشکرا دەبێت

 رێککەوتنێکی پوتین و نەتانیاهۆ لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئاشکرا دەبێت
رێککەوتنێکی سەرۆکی رووسیا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئاشکرا دەبێت.

رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی ئەمریکی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا و بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی بڵاو کردووەتەوە و رایگەیاندووە، رێککەوتنەکە بەر لە کۆبوونەوەی پوتین و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کراوە.

رۆژی 16/7/2018، ڤلادیمێر پوتین و دۆناڵد ترەمپ لە شاری هێلسینکیی پایتەختی فینلەندا کۆ بوونەوە و پشتگیریی ئەو رێککەوتنەی ئیسرائیل و رووسیایان کردووە.

هەروەک رۆژنامە ئەمریکییەکە بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی رێککەوتنەکە، ئیسرائیل دان بە دەسەڵاتدارێتیی رێمی سووریا لە پارێزگاکانی دەرعا، سوەیدا و قونەیتڕە لە باشووری سووریادا دەنێت.

لەبەرامبەر ئەو داننانەی ئیسرائیل، رووسیا پابەندە بەوەی هێز و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سنوورەکانی ئیسرائیل بە دووریی 80 کیلۆمەتر دوور بخاتەوە و رووسیاش رێگریی لە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی هێزە ئێرانییەکان لە سووریا، ناکات.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناردنی چەک و چەکدار، پاڵپشتیی رژێمی سووریا لە دژی گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆن، دەکات.

لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.

بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتی لە ناوخۆی سووریا، هەرێمی کوردستان وڵاتانی دەوروبەر ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.









باسنيوز
Top