خامنەیی: ڕێگە نادەین نەوتی هیچ وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە هەناردە بکرێت

 خامنەیی: ڕێگە نادەین نەوتی هیچ وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە هەناردە بکرێت
عەلئ خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ لە دیدارێک لەگەڵ باڵیۆز و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، گوتی ئەگەر ڕێگری لە هەناردەی نەتی ئێران بکرێت، ڕێگە نادەین نەوتی هیچ وڵاتێکی دیکە لە ناوچەکە هەناردە بکرێت.

خامنەیی پشتگیریی لە قسەکانی حەسەن ڕۆحانی کردووە و ئەو هەڵوێستانەی بە "گرنگ" و بە "نیشانەی سیاسەت و ئاراستەی کۆماری ئیسلامی" وەسفی کردووە و داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد کە ئەرکی سەرشانیانە بە شێوەی جیدی درێژەدەری هەڵوێستەکانی سەرکۆمار لە بواری سیاسەتی نەوتیدا بن.

پێشتریش چەندان بەرپرسی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرانبەر گرتنەبەری گەمارۆکانی ئەمریکا و بەتایبەت گەمارۆ بۆ سەر کەرتی نەوت، هەڕەشەی داخستنی گەرووی "هورمز" لە کەنداو دەکەن کە یەکێک لە شاڕێگەکانی هەناردەی بەشێکی زۆر لە نەوتی وڵاتانی ناوچەیە بۆ بازارە جیهانییەکان و ئێران هەڕەشەی داخستنی دەکات و خامنەیی مەبەستی لە رێگری لە هەناردەی نەوتی ولاتانی ناوچە، داخستنی ئەو گەرووەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی فەرمیی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێران لەبارەی پرسی بەرنامەی ناوکیی ئێران و هەڕەشەی ئەمریکا لەبارەی وەگەڕخستنەوەی گەمارۆکان گوتی: "نابێ دانوستان لەگەڵ ئەرووپییەکان کۆتایی پێ بێت، بەڵام نابێ چاوەڕیی بەستەی پێشنیاریی ئەوان بین و دەبێ کاری پێویست لە ناوخۆی وڵات جێبەجێ بکرێت".

خامنەیی لە قسەکانیدا لەبارەی گرفتەکانی ئێران کە بە (دانوستان لەگەڵ ئەمریکا) چارەسەر دەبن، بە (هەڵەی ڕوون و ئاشکرا)ی وەسف کرد و گوتی من پێشتریش گوتوومە کە ناکرێ لەسەر قسە و تەنانەت واژۆی ئەمریکییەکان حیساب بکەین، کە واتە وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا هیچ قازانجێکی نییە".

لە درێژەی ئەم باسەدا گوتی: "ئەمریکا لەگەڵ "بنەما و فەلسەفەی سیستەمی ئیسلامی گرفتی سەرەکی"یان هەیە و ئەوان بەتەمای گەڕانەوە بۆ پێگەی خۆیان لە ئێران پێش شۆڕشی گەلانی ئێرانن و بە کەمتر لەوە رازی نابن"









باسنيوز
Top