لە حەلەب سێ تەقینەوە ڕوویان دا
بەپێی زانیاریی میدیا عەرەبییەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2018/7/18 لە ناوچەی (شێخ نەجاڕ)ی پارێزگای حەلەب لە باکووری سووریا، سێ تەقینەوەی بەهێز ڕوویان داوە و هەندێ سەرچاوەش باس لە لێدانی سێ مووشەک لەو ناوچەیە دەکەن.
میدیاکانی سووریا لەمبارەوە بڵاویان کردووەتەوە کە ئەو تەقینەوانە پاشماوەی هەندێ چەک و تەقەمەنی بوون کە لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە تەقێندراونەتەوە.
هێشتا زانیاریی ورد لەمبارەوە بڵاو نەکراوەتەوە.
شاری حەلەب ناوەندی پارێزگای حەلەبە کە وەک پایتەختی بازرگانیی سووریا دەناسرێت کەلە باکووری ئەو وڵاتە هەڵکەوتووە.
ئەو شارە لە ناوەڕاستی ساڵی 2012ەوە بووەتە یەکێک لە ناوچە جەنگییەکانی سووریا و بەشێکی لە کۆنترۆڵی حکوومەت و بەشەکەی دیکەشی لە کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆن و هێزە توندڕەوە ئیسلامییەلاندا بووە.
باسنيوز
