ئەمریکا کۆمپانیایەکی هاوتەریبی ماهاین ئەیری ئێرانی خستە لیستەی گەمارۆکانەوە
کۆمپانیای فڕۆکەوانیی "ماهان ئەیر"ی ئێران ساڵی 2011 بە تاوانی یارمەتیکردنی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و گواستنەوەی هێز و چەکوچۆڵ بۆ سووریا و لوبنان خرایە لیستەی گەمارۆکانی ئەمریکاوە.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە کۆمپانیای خزمەتگوزاری و گەشتیاریی "ماهان" کە وەک کەرتی دابینکەر و فرۆشیاری کۆمپانیای فڕۆکەوانەیی "ماهان ئەیر" چالاکیی کردووە، خراوەتە لیستەی گەمارۆکانەوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە هەموو سەرچاوە داراییەکانی کۆمپانیای گەشتیاریی "ماهان" لەلایەن ئەمریکاوە بلۆکە و دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
ئەستیۆن منۆچین، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لەمبارەوە ڕای گەیاندووە کۆمپانیای فڕۆکەوانیی "ماهان ئەیر" هێڵی ئاسمانیی تایبەتیی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانە و چەک و چۆڵ و کەلوپەل و هێزەکانی ئەو گرووپە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابین دەکات و بەتایبەتی پاڵپشتیی حکوومەتی بەشار ئەسەد دەکات و چەکوچۆڵ بۆ هێزەکانی سوپای پاسداران لە سووریا دەگوازێتەوە.
دوای هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بەشێکی زۆر لە گەمارۆکانی کەتی ئابووری، بازرگانی، نەوت و بەتایبەت ئەو کۆمپانیایانەی کە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەیە، گەڕاونەتەوە.
باسنيووز
