یڵدرم: باری نائاسایی لە تورکیا کۆتایی پێ دێت

 یڵدرم: باری نائاسایی لە تورکیا کۆتایی پێ دێت
سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایدەگەیەنێت، کە باری نائاسایی لە وڵاتەکەیدا کۆتایی پێ دێت.

بیناڵی یڵدرم، دوایین سەرۆک وەزیرانی تورکیا بە ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی فەرمیی تورکیای راگەیاندووە، رۆژی دووشەممە 9/7/2018 وەزیرە نوێیەکانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆمار، سێندی یاسایی دەخۆن.

بیناڵی یڵدرم هەروەها رایگەیاندووە، بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی تورکیا بەبێ سەرۆک وەزیران، باری نائاسایی لەو وڵاتە کۆتایی دێت، بەڵام رۆژی هەینی 6/7/2018، حکوومەت یاساکانی دژەتیرۆر لەچوارچێوەی باری نائاسایی، هەمووار دەکاتەوە.

دوای کودەتا شکستخواردووەکەی بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا بەسەر رەجەب تەییب ئەردۆغان لە 15/7/2016، حکوومەتی تورکیا باری نائاسایی راگەیاند.

لەچوارچێوەی باری نائاساییدا، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا هەزاران لایەنگری فەتحوڵڵا گیولەن، کەسایەتی و زانای ئاینیی تورکیان دەستگیر کرد، دوای تۆمەتبارکردنی گیولەن بە پلاندانان بۆ کودەتاکە.

جگە لە دەستگیرکردنی لایەنگرانی گیولەن، حکوومتی تورکیا لەچوارچێوەی باری نائاساییدا، ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتار، سەرکردە و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی بەتۆمەتی هاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، دەستگیر کرد.

بەپێی هەمواری دەستووریی تورکیا، کە لە ریفراندۆمێکدا لە مانگی 4ـی 2016، هاووڵاتییانی تورکیا دەنگیان پێ دا، ئیدی لە تورکیا پۆستی سەرۆک وەزیران نامێنێت و سەرۆک کۆمار خۆی سەرپەرشتیی وەزیرەکان دەکات و هەموو دەسەڵاتەکانی وڵات دەگرێتە دەست.











باسنيوز
Top