ئیسرائیل کۆگایەکی تەقەمەنیی ئێرانی بۆردومان کرد

 ئیسرائیل کۆگایەکی تەقەمەنیی ئێرانی بۆردومان کرد
کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، کە فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی کۆگایەکی تەقەمەنیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆردومان کردووە.

رۆژی چوارشەممە 4/7/2018 رووانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سووریا رایگەیاندووە، درەنگانیشەوی سێشەممە تەقینەوەیەکی گەورە لە نزیک شارۆچکەی مەحجە لە گوندەوارەکانی باکووری شاری دەرعا رووی داوە.

کەناڵی 10ـی تەلەڤزیۆنی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە تەقینەوەکە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل رووی داوە.

رووانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو شوێنەی بۆردومان کراوە، کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی هێز و میلیشیا ئێرانییەکان بووە، کە لە سووریا بۆ پاڵپشتیی رژێمی ئەو وڵاتە لەو کۆگایە دایانناون.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئێران بە ناردنی چەک و چەکدار لە دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن پاڵپشتیی رژێمی سووریا دەکات.

لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.

بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.









باسنيوز
Top