شەش هاووڵاتیی ئێرانی بەتۆمەتی کردەی تیرۆریستی دەستگیر کران و دیپلۆماتکارێک لەناو دەستگیرکراوەکانە

 شەش هاووڵاتیی ئێرانی بەتۆمەتی کردەی تیرۆریستی دەستگیر کران و دیپلۆماتکارێک لەناو دەستگیرکراوەکانە
شەش هاووڵاتیی ئێرانی بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی، دەستگیر کران.



ئەو شەش کەسە لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیا، بەلجیکا و فەرەنسا بەتۆمەتی پلاندانان بۆ ئەنجامدانی تەقینەوە لەنزیک ئەو شوێنەی موجاهیدینی خەلقی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کۆنگرەیەکی تێدا ئەنجام دا، دەستگیر کراون.



داواکاری گشتیی بەلجیکا رایگەیاندووە، پیاوێکی تەمەن 38 ساڵ بەناوی ئەمیر س. و هاوسەرەکەی بەناوی ن.ی تەمەن 33 ساڵ، کە خاوەنی رەگەزنا،مەی بەلجیکین، بە 500 کیلۆ ماددەیەکی تەقەمەنی و ئامێرێی تەقاندنەوەوە دەستگیر کراون.



بە گوتەی داواکاری گشتیی بەلجیکا، ئەمیر و هاوسەرەکەی، کە بە رەچەڵەک ئێرانین، هەوڵیان داوە تەقینەوەیەک لە ناوچەی فیلپێنت لە پاریس لەکاتی کۆنگرەیەکی موجاهیدینی خەلق، ئەنجام بدەن.



بەپێی زانیارییە بڵاو کراوەکان، سێ کەسی دیکەی بە رەچەڵەک ئێرانیش بەهەمان تۆمەت لە پاریس و دەوروبەری دەستگیر کراون.



داواکاری گشتیی بەلجیکا ئاماژەی بەوەش کردووە، دیپلۆماتکارێکی ئێرانی لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا لە پەیوەندی دابووە لەگەڵ ئەو ژن و پیاوەی لە ناوچەیەکی برۆکسل لە وڵاتەکەی دەستگیر کران و بەهۆشییەوە دیپلۆماتکارەکە لە ئەڵمانیا دەستگیر کراوە.





باسنيوز
Top