دۆناڵد ترامب : هۆشداریی دەدەمە کۆمپانیا ئەورووپییەکان کە ئەگەر بێت و گەمارۆکان سەر ئێران ڕەچاو نەکەن، گەمارۆ چاوەرێتان دەكات
ترەمپ، دوێنێ لە گفتوگۆیەک لەگەڵ تەلەفزیۆنی (فۆکسنیوز) لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەو کۆمپانیا ئەورووپییانەی کە لەگەڵ ئێران دانوستان دەکەن، گەمرۆیان دەخرێتە سەر، گوتی: "بێگومان، ئەوە پلان و بەرنامەیەکە کە لەبەردەستمان دایە و جێبەجێی دەکەین".
سەرکۆماری ئەمریکا بە ئاماژە بە ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی ئەمدوایانەی خەڵکی ئێران، گوتی: "ئیدی ئەو سەردەمە تێپەڕی کە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچن و ئەوە کۆتایی هات و لەمەودوا سەرقاڵی پرسەکانی ناو خۆیانن".
دۆناڵد ترەمپ پێشتریش ڕای گەیاندبوو کە بە هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕەفتار و هەڵوێستەکانی ئێرانیش دەگۆڕێن و ئەوان ئیدی گرنگییەکی ئەوتۆ بە دەریای ناوەڕاست نادەن و سەرنجیان لەسەر سووریا هەڵدەگرن و ناچارن لە یەمەن و شوێنەکانی دیکەش هەمان هەڵوێستیان هەبێت".
ئەمریکا ڕێکەوتی 2018/5/9 یەکلایەنە لە ڕێککەوتنی ئەوتۆمی کشایەوە و دوای ئەوەش مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە هۆشداریی دا کە ئەگەر بێت و ئێران ڕەفتارەکانی نەگۆڕدرێن، هەموو گەمارۆکانی واشنتۆن بۆ سەر ئەو وڵاتە بە توندترین شێوە جێبەجێ دەکرێنەوە.
ماوەیەکە ئەو گەمارۆیانە چوونەتە قۆناغی کردەوە و بە دەیان کۆمپانیای گەورەی بازرگانیی بواری نەوت و ئۆتۆمبێل لە ئیران کشاونەتەوە و ئەمریکاش ڕای گەیاندووە سزاکان هەموو کۆمپانیا ئەورووپییەکان دەگرێتەوە کە لەگەڵ ئێران دانوستان بکەن و لێخۆشبوون بۆ هیچ کۆمپانیایەک نییە و ئەمە تایبەتی بۆ ئەو وڵاتانەیە کە نەوت لە ئێران دەکڕن.
باسنیوز
