یەکێکی دیکە لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران لە شاری "ئەلبوکەمال"ی سووریا کوژرا
ماڵپەڕی فارس لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، لیوا شاهڕوخ داییپوور، کە خەڵکی کرماشان بووە دوێنێ هەینی 2018/6/22 لە شەڕ لەگەڵ چەکدارانی داعش لە شاری ئەلبوکەمالی سووریا کوژراوە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردووە ئەو فەرماندەیە ڕاهێنەری "مووشەکی تاو دژە زرێهی بنکەی سەربازیی نەجەف"ی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق و یەکێک لە ڕهێنەرانی حبزبوڵای لوبنان و ڕاوێژکاری سەربازیی بەرەکانی شەڕ ناوخۆیی سووریا بووە و ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمە 15مین چەکداری سوپای پاسدارانی خەڵکی کرماشانە کەلە شەڕی ناوخۆیی سووریا کوژراوە.
زانیارییەکان لەبارەی ژمارەی کوژراوانی سوپای پاسداران لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوو لە سووریا پرژ و بڵاون و هەندێ سەرچاوە باس لە کوژرانی زیاتر لە 4 هەزار چەکداری سوپای پاسداران لە سووریا دەکەن کە ئێران بەناوی "ڕاوێژکارانی سەربازی و پارێزەرانی حەرەم" ناودێریان دەکات.
ئەلبوکەمال شارێکە لە کەناری ڕووباری فورات و لە 440 کیلۆمەتریی ڕۆژهەڵاتی دیمەشق هەڵکەوتووە کە سوپای سووریا ساڵی پێشوو توانیان ئەو ناوچەیە لە کۆنترۆڵی داعش دەربهێنن، بەڵام بەمدوایانە داعش جارێکی دیکە بەشێک لەو شارەی کۆنترۆڵ کردەوە.
باسنیوز
