حەسەن ڕۆحانی بە توندی ڕەخنە لە خامنەیی دەگرێت
بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران، حەسەن ڕۆحانی لەمبارەوە لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئینستاگرام" نووسیویە: "حکوومەت و کابینەکەی لە داخرانی تێلێگرامدا هیچ ڕۆڵێکیان نەبووە و جێبەجێشی نەکردووە و بڕیاریشی لەبارەوە نەداوە" بەڵکوو سەرچاوەی ئەم بڕیارە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزترین دەسەڵاتە ئەمنییەکان و دەبێ لە بەرانبەر ئەمکارەدا وەڵامدەر بن.
ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی پێشوو٢٠١٨/٤/٣٠ داواکاری لقی دووەمی دادگای کولتووری و ڕاگەیاندنی تاران، بڕیاری فلتەرکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تێلێگرام)دا و بەپێی ئەو بڕیارە بەکارهێنەری ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە لەلایەن دەزگا فەرمییەکانی ئێرانەوە بە تاوانبەر دێتە ئەژمار.
پاش ئەو بڕیارە زۆرێک لە دامودەزگا، ناوەند و ئاژانس و ماڵپەڕ و ڕۆژنامە و میدیای ئێرانی لە ناوخۆ کەناڵەکانیان لە (تێلێگرام) داخست و کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێ کەوتەوە و حکوومەتی حەسەن ڕۆحانی ڕەخنەی توندی لەم بڕیارە گرتووە و بە بڕیارێکی ئەمنیی لەقەڵەم داوە و دەڵێت: "ئەگەر لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتدا کرابێت، بڕیارێکە و بۆ بەربەست و کێشە خولقاندنی خەڵک گیراوەتە بەر و دەبێ خاخوە نە ڕاستەقینەکانی ئەم وڵاتە کە خەڵکن، ئاگاداری ڕاستییەکان بن".
سەرکۆماری ئێران کە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیش دێتە ئەژمار و زۆر جار بڕیارە باڵا ئەمنییەکان لەلایەن ئەو دامەزراوەوە دەردەکرێن، بۆیە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، هەندێ جار لەڕێگەی دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکانەوە، بڕیارەکانی خۆی بەسەر دەوڵەت یان پەرلەمانی ئێراندا دەسەپێنێت.
باسنیوز
