تاران.. باڵوێزی تورکیا بانگ کرایە وەزارەتی دەرەوە
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئیران، ئیبراهیم ڕەحێمپوور، جێگری ئاسیا و ئەقیانووسیەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە ڕایگەیاندووە "دوێنێ دووشەممە 2017 -2- 20 ڕەزا هاکان تەکین، باڵوێزی تورکیا لە تاران بانگ کراوەتەوە وەزارەتی دەرەوە و بە فەرمی ناڕەییان بەو لێدوانانە دەربڕیوە و داوای ڕوونکردنەوەی لێ کراوە".
مەولوود چاووش ئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی یەکشەممەی پێشوو لە کۆنفرانسی میۆنشن لە ئەڵمانیا گوتی "ئێران بەتەمایە سووریا و عێراق بکاتە دوو وڵاتی شیعە و سەرچاوەی دووبەرەکێ، ئاژاوە و توندوتیژیی ناوچەکەیە".
هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەفتەی پێشوو ەل لێدوانێکدا لە دامەزراوەی ئاشتیی نیودەوڵەتی لە بەحرێن، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە "ئێران سەرچاوەی توندوتیژیی ئایینی و قەومی و لە ناوچەکەدا و گوتی "لە ئێران نەتەوەگەرایی فارس زاڵە و هاوکات جیاییخوازیش لەوێ بووەتە گوتار و هاوشێوەی ئەمەش لە سووریا هەیە، کە دەبێ پێشیان پێ بگیرێت".
لە بەرانبەر ئەم لێدوانانەدا "بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش بە فەرمی وەڵامی لێدوانەکانی سەرکۆمار و وەزیری دەرەوەی تورکیای دایەوە و گوتی "ئیدی ئاستی تاقەتی ئێران لە بەرانبەر ئەم جۆرە لێدوانانەدا بەسەر چووە و تورکیا بۆ خۆی سەرچاوەی ئاژاوەگێڕی و پاڵپشتی تیرۆرە لە ناوچەکەدا".
ئەم جۆرە لێدوانە توندانەی نیوان بەرپرسانی فەرمیی ئەنقەرە و تاران پاش هاتنە سەرکاری ترەمپ، گۆڕانیان بەسەرددا هاتووە و تورکیا و ئێران کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەندێ هەنگاویان بە ئاراستەی هاوکاریدا هەڵگرتبوو، بەڕای کاراناسان و شرۆڤەکارانی سیاسی، خەریکە لێک دوور دەکەنەوە و ڕوانگەیان لەبارەی پرس و داهاتووی سووریا زۆر لێکی دوور خستوونەتەوە.
باسنيوز
