ڤلادمێر پۆتن سەرەخۆشی لەئەردۆغان دەكات

ڤلادمێر پۆتن سەرەخۆشی لەئەردۆغان دەكات

ڤلادمێر پۆتن سەرەخۆشی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەكات‌و ئامادەیی وڵاتەكەی پیشاندەدات بۆ هاوكاریی زیاتری نێوان هەردولا، ئەوەش دوای‌ هێرشە خۆكوژییەكەی‌ ئەمڕۆ لەشاری قیسەری توركیا كە كوژرانی‌ 13 سەربازو برینداربوونی‌ 56ی دیكەی‌ لێكەوتەوە.

ڤلادمێر پۆتن سەرۆكی ڕوسیا لەڕێگەی تەلەگرامەوە بەرەجەب تەیب ئەردۆغان هاوتا توركیەكەی ڕاگەیاند، ڕوسیا ئامادەیە بۆ زیاتركردنی هاریكاری‌و هەمانگی لەدژی تیرۆر.

پۆتن سەرەخۆشی ئاڕاستەی ئەردۆغان كرد، وتی"دڵنیاین كە وەڵامدانەوەی ئەو جۆرە هێرشانە پێویستی بە ململانێ‌و ڕووبەرووبونەوەی توند هەیە لەدژی گروپە توندڕەوەكان".



تەقینەوەكە كاتژمێر (8:45 خولەك) سەرلەبەیانی‌ ئەمڕۆ روویدا لەبەردەم كەمپی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی ئەرجییەس لەشاری قەیسەری.

بەوتەی‌ سولەیمان قامچی والی‌ قەیسەری‌ تەقینەوەكە خۆكوژی‌ بووەو لەرێگەی‌ تەقاندنەوەی‌ ئۆتۆمبێلێكی‌ بۆمبڕێژكراوەوە ئەنجامدراوە.

بەهۆی‌ تەقینەوەكەوە 13 سەرباز كوژراون و 55ی‌ دیكە برینداربوون، كە لەناو ئۆتۆمبیلێكدا بوون لەكاتی‌ چونیان بۆ وەرگرتنی‌ پشوو، هەروەها ژمارەیەك هاوڵاتی‌ مەدەنیش برینداربوون.

دوا بەدوای تەقینەوەكە پۆلیسی توركیا، گەمارۆی تەواوی شوێنی رووداوەكەی دا و رێوشوێنی ئەمنی توندی گرتەبەر.

هاوكات گروپێكی نەتەوەپەرست هێرشیانكردەسەر بارەگای پارتی‌ دیموكراتی‌ گەلان (هەدەپە) لەشاری‌ قەیسەری‌ توركیا، وەك كاردانەوەیەك بۆ روودانی تەقینەوەكە.
xandan-
Top