رووسیا دەڵێ لێدوانی هەندێک بەرپرسی ئێرانی لەبارەی بنکەی ئاسمانیی نۆژە قسەی حکوومەتی ئەم وڵاتە نییە

رووسیا دەڵێ لێدوانی هەندێک بەرپرسی ئێرانی لەبارەی بنکەی ئاسمانیی نۆژە قسەی حکوومەتی ئەم وڵاتە نییە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆف، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند: لێدوانەکانی بەشێک لە بەرپرسانی ئێرانی لەبارەی رێککەوتنی ئێران و رووسیا بە مەبەستی کەڵکوەرگرتن لە بنکەی سەربازیی نۆژە لەلایەن رووسەکانەوە هەڵوێستی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی نییە.

ماریا زاخارۆف، گوتی: رووسیا پێوەندییەکانی لە ئاستە جیاوازەکاندا لە گەڵ ئێرانییەکان درێژە پێدەدات.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی رووسیی ئینتەرفەکس، زاخارۆف لە پرێسکۆنفرانسێکدا گوتوویەتی: لێدوانی هەندێک کەس لە ئێران قسەی حکوومەتی ئەم وڵاتە نییە و پێویستە ئەمە درک بکرێت کە ئەم قسانە روانگەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامییە یان نا.

زاخارۆف ئەماژەی بەوە نەکردووە کە مەبەستی لە کام بەرپرسی ئێرانییە بەڵام ٢٠ نوێنەری پەرلەمانی ئێران لە نامەیەکدا بۆ عەلی لاریجانی سەرۆکی پەرلەمان، ناڕەزاییان لەوە دەربڕیوە کە حکوومەتی ئێران ئیزنی داوە فڕۆکانی روسیا لە بنکەی سەربازیی ئەم وڵاتەوە بەرەو سووریا بفڕن.
Top