گومان لە شێوازی کۆنتڕۆڵکردنەوەی جەرابلوس دەکرێت لەلایەن تورکیاوە
لە دوای کۆنتڕۆڵکردنی جەرابلوس لەلایەن سوپای تورکیا و هێزی ئۆپۆزسیۆنی سوری نزیک لە تورکیاوە، لە ئێستادا باس باسی چۆنیەتی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەکەیە.
هێزە کوردییەکان لەوانە پەکەکە و پەیەدە پێیانوایە کۆنتڕۆڵکردنی جەرابلوس بەپێی رێککەوتنی نێوان تورکیا و داعش بووە، بەشێک لە چاودێرانیش هاوشێوەی پەکەکە و پەیەدە گومانیان خستووەتە سەر شێوازی کۆنتڕۆڵکردنەکە و هەندێک هاوڵاتیش بە گاڵتەوە ئۆپراسیۆنەکە بە جادو یان فیلمی هۆلیودی دەشوبهێنن.
هەرچییەک بێت جەرابلوس بۆ داعش تاکە دەروازە بوو بەڕووی دونیای دەرەوەدا، هەر بۆیە پێشتر زۆربەی چاودێران پێیانوابوو شەڕی جەرابلوس شەڕێکی قورس دەبێت و داعش بە هەموو هێزییەوە هەوڵ دەدات شارۆچکەکە لە دەست نەدات، بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینی چاودێران شەڕی جەرابلوس تەنیا چەند کاتژمێرێکی خایاند، هەروەها پێچەوانەی زۆربەی شار و ناوچەکانیتر داعش هیچ خۆڕاگرییەکی نەکرد.
ئەو چاودێرانەی گومانیان خستووەتەسەر چۆنیەتی کۆنتڕۆڵکردنەوەی جەرابلوس ئاماژە بەم نمونانە دەکەن:
ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی فەلوجە لە عێراق سەرباری بەشداریکردنی هەزاران هێزی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و بۆردومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان، بەڵام بەو حاڵەشەوە زیاتر لە مانگێکی خایاند.
ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوە گەیارە لە عێراق زیاتر لە دوو مانگی خایاند، ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی منبج بە بەشداری هەزاران شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پشتگیری ئاسمانی ئەمریکا و هاوپەیمانان ٧٣ رۆژی خایاند، ئەوە لە کاتێکدایە هیچ کام لەو شارانە دەروازەی داعش نەبوون بە ڕووی دەرەوەدا.
لە منبج داعش لە دژی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لانیکەم ٢٥ هێرشی خۆکوژی بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدا، بەڵام لە جەرابلوس هیچ هێرشێکی خۆکوژی ئەنجام نەداوە، لە منبج سەدان چەکداری داعش کوژران و بە سەدان شەڕڤانیش و هاوڵاتی مەدەنیش شەهیدبوون، بەڵام لە جەرابلوس هیچ هەواڵێک لەسەر کوژرانی سەربازێکی تورکیا یان چەکدارێکی داعش بڵاو نەکراوەتەوە، تەنها بە وتەى وەزیرى بەرگرى تورکیا دوو چەکدارى ئۆپۆزسیۆنى سوریا کوژراون.
سەبارەت بە بەهێزبوونی سوپای تورکیاش بەشێک لە چاودێران ئاماژەیان بە نمونەی شارۆچکەی نوسێبینی باکوری کوردستان کردووە کە تیایدا ١٥٠ بۆ ٣٠٠ گەنجی کورد کە هیچ ئەزمونێکیان لە شەڕی چەکداریدا نەبوو، توانیان بۆ ماوەی نزیک بە سێ مانگ لە بەرامبەر سوپای تورکیادا خۆڕاگری بکەن، سوپای تورکیا بە پێشکەوتووترین جۆری چەک و بە بۆردومانی ئاسمانی و دوای وێرانکردنی بەشێکی زۆری شارۆچکەکە توانی بە تەواوی نوسەیبین کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، بەڵام لە جەرابلوس لە کاتێکدا باس لەوە دەکرا کە بە سەدان چەکداری داعشی تێدابوو سوپای تورکیا چۆن توانی تەنیا لە چەند کاتژمێرێکدا کۆنتڕۆڵی بکات؟
