شاندێكی وەزارەتی دادی ئەمریكا گەیشتە ئەنقەرە.

شاندێكی وەزارەتی دادی ئەمریكا گەیشتە ئەنقەرە.
بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی فەتحوڵڵا گولەن، كە حكوومەتی توركیا بە ئەنجامدانی كودەتای سەربازی تۆمەتباری كردووە و داوای لە ئەمریكا كردووە ناوبراو رادەستی وڵاتەكەی بكاتەوە، شاندێكی وەزارەتی دادی ئەمریكا گەیشتە ئەنقەرە.

سەردانی شاندەكەی وەزارەتی دادی ئەمریكی پێش ئەو سەردانە چاوەڕوانكراوەی جۆ بایدن، جێگری سەرۆكی ئەمریكا دێت، كە بڕیارە چوارشەممە بۆ ئەنقەرە ئەنجامی بدات.

بە قسەی چاودێرانی سیاسی، سەردانەكەی بایدن كە دوای ھەوڵە شكستخواردووەكەی كودەتای 15ی تەممووزی رابردوو، بە یەكەم سەردانی بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا دادەنرێت بۆ توركیا، رەنگە ئەركێكی سەخت بخاتە ئەستۆی بایدن، بەتایبەتی كە ئامانج لە سەردانەكەی، ھێوركردنەوەی كەشی پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆنە، دوای ئەوەی یەكەم بە تۆمەتی ئەنجامدانی كودەتا، داوای رادەستكردنەوەی (گولەن)ی لە دووەم كرد و دووەمیش داوای بەڵگە و ئەرگۆمێنت لە یەكەم دەكات، دەربارەی تێوەگلانی گولەن لە كودەتاكە.

بوڵەت ئەلیریزا، بەڕێوەبەری پڕۆژەی توركی لە سەنتەری لێكۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەكان پێیوایە بە تەنیا كودەتاكە ھۆكاری تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا نییە، بەڵكو بەر لە كودەتاكە، پەیوەندی ئەم دوو وڵاتە گرژی تێكەوتووە، ئەویش بە ھۆی پشتیووانیی واشنتۆن لە ھێزە كوردییەكانی سووریا، كە زۆربەی ناوچە سنوورییەكانی نێوان توركیا و سووریای لەژێر دەست دایە و حكوومەتی توركیا ئەو ھێزانە بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەبینێ و پێیوایە سەر بە پەكەكەن.

بەلای خۆیەوە عەبدوڵڵا گولەن (تەمەن 75 ساڵ)، كە لە ساڵی 1999 لە ئەمریكایە، رەتی كردەوە بە ھیچ جۆرێك پەیوەندی بە كودەتاكەوە ھەبێت.







K24
Top