بۆکان.. دەستڕێژی گوللە لە هێزە ئەمنییەکان کرا
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ڕۆژی کورد، سەعات 3ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی ئێران چەند کەسێکی نەناسراو لە گۆڕەپانی (جانبازان)ی شاری بۆکان تەقەیان لە هێزی پۆلیسی حکوومەتی کردووە و لە ئەنجامدا کەسێکیان بە توندی بریندار بووە.
دەگوترێ بریندارەکە ڕەوشی تەندروستیی ناجێگیرە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری بۆکان کراوە و هێرشبەرەکان توانیویانە لەو شوێنە هەڵێن.
سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن هێرشبەران کەسێکی بەندکراو کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ شوێنێکی دیکە گوزراوەتەوە، ویستوویانە لەدەستیان ڕزگاری بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
لە ماوەی 20 رۆژی ڕابردوودا ئەمە دووەمین حاڵەتی تەقەکردنە لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران، نزیکەی 20 رۆژە لەمەوبەر گرووپێک بە ئاڵای سوورەوە کە گومان دەکرێت سەر بە یەکێک ەل لایەنەکانی کۆمەڵە بن، لە گەڕەکی فەرهەنگیان تەقەیان لە ئەندامێکی سوپای پاسداران بەناوی خەسرەو ساڵە چەمەن، کرد و هاوکات کەسێکی دیکەش بەناوی عوسمان زارعی بە توندی بریندار بوو.
لە چەند مانگی ڕابردوودا هێرش و دەستڕێژی گوللە بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانی ئێران (هێزەکانی پۆلیس و سوپای پاسداران) لە شارەکانی "سەقز، بۆکان، ورمێ، پیرانشار، بانە، مەریوان، سنە و کرماشان" پەرەسی سەندووە و زۆربەی هێرشبەران لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە بووە و تێیدا چەندین ئەندامی سوپا و هێزی ئەمنیی ئێران بریندار بوون.
باسنيوز
