هیندستان پێدانی ڤیزا بە عێراقییەکان ئاسان دەکات
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رۆژی دووشەممە 22ـی ئابی 2016 ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئێم جی ئەکبەر، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی هیندستان کۆ بوونەتەوە.
بەپێی بەیاننامەکە، ئیبراهیم جەعفەری رایگەیاندووە، کە عێراق بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێ و پێویستیی بە هاوکاری وڵاتانی دۆستە، بۆ تێپەڕاندنی بارودۆخەکە.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بە وەڵامی وەزیری دەرەوەی هیندستان لەبارەی ئاسانکاری کردن لە پێدانی ڤیزا کردووە و رایگەیاندووە، هیندستان ئامادەیی نیشان داوە بۆ ئاسانکاری کردن و لەماوەی 48 کاتژمێردا، ڤیزا بە هاووڵاتییانی نەخۆشی عێراق دەدات و لە ماوەی هەفتەیەکیشدا ڤیزا بە قوتابییانی عێراق دەدات.
بەهۆی خراپیی سیستەمی تەندروستیی عێراق، رۆژانە سەدان هاووڵاتیی بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، سەردانی وڵاتانی ئێران، تورکیا، ئوردن و هیندستان و وڵاتانی ئەوروپی دەکەن.
باسنيوز
