حەسەکە.. یەپەگە هێرشێکی فراوان دەکاتە سەر رژێمی سووریا
سەرچاوەیەکی سەربازیی کوردی لەشاری حەسەکە لە کوردستانی رۆژئاوا بە ئاژانسی (فرانس پرێس)یراگەیاندووە، کە سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 22ـی ئابی 2016، هیزەکانی یەپەگە و ئاسایشی رۆژئاوا، هیرشیان کردووەتە سەر بارەگاکانی میلیشیای بەرگریی نیشتیمانیی سەر بە رژێمی سووریا.
ئەم هێرشە و ئاسایش دوای ئەوە دێت، کە دەسەڵاتداریی کوردی لە حەسەکە داوای خۆرادەستکردنی لە چەکدارانی سەر بە رژێمی سووریا کرد، بەڵام ئەوان رەتیان کردەوە خۆیان ردەست بکەن.
بەهۆی شەڕی نێوان هێزەکانی ئاسایش و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەلایەن و چەکدارانی سەر بە رژێمی سووریا و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییە سووری و رووسییەکانەوە، نزیکەی 40 هاووڵاتیی شارەکە گیانیان لەدەست داوە.
رۆژی هەینی 19ـی ئابی 2016، سوپای سووریا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا پاساوی بۆ بۆردومانکردنی شارەکە هێنایەوە و رایگەیاند، کە “ئاسایشی حەسەکە باڵی سەربازیی پەکەکەیە لە سووریا و نەوتی ئەو وڵاتە دەبەن و هاووڵاتییانی حەسەکە دەستگیر دەکەن”.
بۆ چارەسەرکردن و راوەستاندنی شەڕەکە، سەرچاوەیەکی ئەمنیی بەرپرس لە ئیدارەی خۆجێیی لە شاری قامیشلۆ رايگەیاند، کە شاندێکی ئەمنی-سەربازیی رووسی و سووری لە بنکەی سەربازیی حومەیمیمی سوپای رووسیا و دیمەشقەوە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆوە گەیشتوونەتە قامیشلۆ.
دوای گفتوگۆیەکی یەک کاتژمێری، هەردوو شاندی هیزە کوردییەکان و رژێمی سووریا و رووسیا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک و بەهۆی هەڕەشەی شاندە سووری و رووسییەکە و رەتکردنەوەی داواکانیان، شاندی کوردی بە توڕەیی لە کۆبوونەوەکە چوونەتە دەرەوە، بەبێ ئەوەی بگەنە هیچ رێککەوتنێک.
باسنیوز
