یوئێن دڕەندەیی داعش لەسەر زاری ئێزدیەکانەوە دەخاتە ڕوو
ڕاپۆرتەکە لەلایەن نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق و نووسینگەی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ کۆکراوەتەوە. ژمارەی قوربانییەکان و ئاوارەکانی ناوچەی شنگال لە ٢٠١٤دا ٣٠٨٣١٥ کەس بوونە کە زۆرینەیان ئێزدی بوون. نزیکەی ٣٦٠ هەزار ئێزدی هێشتا ئاوارەن کە پێویستییەکی زۆریان بە دڵنەوایی هەیە.
ئافرەتان لەکاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویانە کە ئەوان چەندین جار کڕینوفرۆشیان پێوە کراوە و هەروەها منداڵەکانیشیان لێ سەندراون. ئافرەتێک باسی ئەوە دەکا کە چۆن فرۆشراوەتە ئەندامێکی داعش کە خەڵکی سووریا بووە و بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ بەردەوام دەستدرێژی سێکسی کردۆتە سەر و هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر خۆی بەدەستەوە نەدات ئەوە کچەکانی دەکوژێت! ئافرەتێکی دیکە لە نێوان شەش کەسدا کڕدراوە و فرۆشراوە و توانیویەتی کچە ٧ ساڵانەکەی لەدەست یەکێکی دیکە ڕزگار بکات بەوەی قژ و برژانگەکانی بڕیوە و پەڕۆک (دایبی)ـی خستووە و پێی گوتووە وا نیشان بدات کە مێشکی تەواو نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەندامێکی داعش هەر ویستویەتی لاقەی بکا! ئاخری ئافرەتەکە توانیویەتی بە هاوکاریی قاچاغچییەک ڕابکات و خۆی ڕزگار بکات.
ڕاپۆرتەکە چەندین نموونەی تێدایە کە پیاو و ژنیان جیا کراونەتەوە و پیاوەکانیان بەکۆمەڵ کوشتووە. لە نمونەیەکدا، ٦٠٠ پیاو لە ناوچەی تەلەعفەر بەکۆمەڵ کوژراون. لە چەند نموونەیەکی دیکەدا ئێزدییەکان بە زۆر کراون بە ئیسلام! ئەوەیش نەبووبێتە بسڵمان کوشتوویانە.
یان کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، گوتی: "ئەو ڕاپۆرتە ڕووی ڕەشی تاوانەکانی داعش ئاشکرا دەکات کە پلانێکی دڕندانە ستەمی لە ئێزدییەکان و کەمە نەتەوایەتی و ئایینیەکانی دیکە کردووە." ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە نزیکەی ٣٥٠٠ ژن و کچ و زۆر پیاوی ئێزدی و کۆمەڵە غەیرەنەتەوە و غەیرەدینی دیکە هێشتا لەژێر دەستی داعشدان.
یان کوبیش وتی: "دوو ساڵ پاش داگیرکردنی نەینەوا هێشتا کۆمەڵگەی ئێزدی دەکرێنە ئامانج لەلایەن داعشەوە. هەزاران پیاو و ژن و منداڵ کوژراون و بێ سەروشوێنن، یانیش هێشتا لە ژێر دەستی داعشدان و، لاقە و فەلاقە دەکرێن." هەروەها ڕایگەیاند: "بە پیێ ئەو بەڵگانە بەگرنگی دەزانین کە تاوانبارانی ئەو نەهامەتییە و بکەرانی بدرێنە دادگا و سزای خۆیان وەربگرن."
KDP
