حكومەتی سووریا داوای دانوستاندن لە یەپەگە دەكات

حكومەتی سووریا داوای دانوستاندن لە یەپەگە دەكات
پارێزگاری حەسەكە لە حكومەتی بەشار ئەسەد داوای دانوستاندن لە بەرپرسانی هێزەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەكات بۆ ئەوەی كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن، تاوەكو ئێستاش هیچ وەڵامێكی بەرپرسانی پەیەدە و یەپەگە لە میدیاكان ئاشكرا نەكراوە.

محەمەد زەعال عەلی، پارێزگاری حەسەكە لە حكومەتی بەشار ئەسەد، سەبارەت بە پێكدادانەكانی نێوان هێزەكانی حكومەتی سووریا و یەپەگە و هێزە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان گوتی "داوای دانوستاندن لە بەرپرسانی یەپەگە دەكەین و داواكارین لەسەر مێزی گفتوگۆ كێشەكانمان چارەسەر بكەین، بۆ ئەوەی ئارامی بۆ شاری حەسەكە بگەڕێتەوە."

دوای 5 رۆژ لە شەڕ و پێكدادانەكان و بەكارهێنانی فڕۆكەی جەنگی لەلایەن سووریاوە لە شاری حەسەكە كە گەورەترین پارێزگای رۆژئاوای كوردستانە، رۆژی شەممە 20ی ئابی 2016، محەمەد زەعال، پارێزگاری حەسەكە گوتی "ئەو چەك و تۆپانەی لەدەستی یەپەگەدان دەبێت بۆ شەڕ لە دژی داعش بەكاربهێنرێن."

شەڕەكە كاتێك روویدا، كە رۆژی 16/8/2016 هێزەکانی حكومەتی سووریا کاژێر 12:50 خولەكی نیوەڕۆ هێرشیانکردە سەر هاونیشتمانیانی مەدەنی لە گەڕەکەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئاسایشی حەسەکە، وەک: بازاڕی شار و گەڕەکی نەوشای رۆژهەڵات، هێزەکانی ئاسایشیش وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە و شەڕ لەنێوانیاندا سەریهەڵدا.

بەهۆی شەڕەكە دەیان هاونیشتمانی شەهید و برینداربوون. بۆیەكەمجار سووریا فڕۆكەی جەنگی لە شەڕی حەسەكە بەكارهێنا، بەم هۆكارەش بەشێكی خەڵكەكە ئاوارەبوون و ژیان لە شارەكە دژوار بووە، سوپای سووریاش دەیان كوژراو و برینداری هەیە. ئەمریكا بەفەرمی پشتگیری پەیەدە و یەپەگە دەكات لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعشدا، دوای ئەمەش ئەمریكا دوو فڕۆكەی جەنگی ناردنە ئاسمانی حەسەكە بۆ رێگریكردن لە فڕۆكە جەنگییەكانی سووریا.

لەدوای ساڵی 2011 و دەستپێكردنی شەڕی نێوخۆ لە سووریا و رۆژئاوای كوردستان كە دواتر پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) زۆربەی خاكی رۆژئاوای كوردستانی كۆنترۆڵكرد، سوپای سووریا لە شارەكانی حەسەكە و قامشلۆ بنكە و بارەگای ماون، تاوەكو ئێستاش چەندینجار شەڕ و پێكدادان لەنێوان هەردوولا هەڵگیرساوە.
Top