برێت ماكگۆرگ: دوای داعش پێویستە موسڵ لەلایەن خەڵكی شارەكەوە بەڕێوەببرێت

برێت ماكگۆرگ: دوای داعش پێویستە موسڵ لەلایەن خەڵكی شارەكەوە بەڕێوەببرێت
نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایدەگەیەنێت دوای داعش پێویستە موسڵ لەلایەن خەڵكی شارەكەوە بەڕێوەببرێت، ئەوەشدەخاتەڕوو ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی موسڵ بەپێی خشتەو پلانی خۆی بەڕێوەدەچێت، ئەگەری هەبوونی گەندەڵی لەناو سوپای عیراقدا كاریگەریی نابێت لەسەر ئۆپەراسیۆنەكە.

برێت ماكگۆرگ، ئەم ئێوارەیە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەو مملانێی سیاسییەی نێوان بەرپرسە باڵاكانی عیراق لەبارەی ئەگەری هەبوونی گەندەڵی لە گرێبەستەكانی كڕینی چەكدا ڕایگەیاند"بەگشتی لەچوارچێوەی پلانی ئۆپەراسیۆنەكەدا بەڕای ئێمە ئەوە هیچ كاریگەرییەكی نییە".

ئەو لێدوانەی ماكگۆرگ دوای ئەوەدێت هەفتەی رابردوو خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگریی عیراق‌و سەلیم جبوری، سەرۆكی پەرلەمانی عیراق كە هەردووكیان سووننەن، لەدانیشتنێكی پەرلەماندا یەكتریان تۆمەتباركرد بە تێوەگلان لە گەندەڵی‌و بەرتیل لەگرێبەستەكانی چەكدا، ئەوەش وایكرد دەسەڵاتی دادوەری وتەی هەردولا وەربگرێت‌و نیگەرانی دروست بوو كە بەهۆی ئەو ململانێیەوە ڕەنگە ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی موسڵ دوابكەوێت.

دوابەدوای ئەوەش جبوری دانیشتنەكەی پەرلەمانی‌ بەجێهێشت و ڕایگەیاند، تا دادگا كەیسەكە یەكلایی نەكاتەوەو ئەستۆپاكی خۆی نەسەلمێنێت سەرۆكایەتی دانیشتنەكانی پەرلەمان ناكات.

بەڵام دواتر دەسەڵاتی دادوەری عیراق هەموو تۆمەتەكانی لەسەر جبوری لابرد و جبوری دەستیكردەوە بە كارەكانی خۆی وەكو سەرۆكی پەرلەمان.

ئەمریكا سەرۆكایەتی هیزەكانی هاوپەیمانان دەكات‌وو پشتگیری ئاسمانی و زەمینی لە هێزە ئەمنییەكانی عیراق و هێزەكانی پێشمەرگە دەكات لەشەڕی دژی داعشدا، ئێستا هەنگاو بە هەنگاو یەكە تایبەتەكانی سوپای عیراق لەدەرەوەی شاری موسڵ پێگەی خۆیان بەهێزدەكەن و خۆیان ئامادەدەكەن بۆ هێرشكردنەسەر شارەكە.

موسڵ دووەمین گەورەترین شاری عیراقەو ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی دووملیۆن كەس دەبێت و ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە داگیركرا.
مەكگۆرك وتیشی"ئێستا بارودۆخ‌و زەمینە سازدەكرێت بۆ ڕزگاركردنی موسڵ‌و هاوپەیمانان لەهەردوو ڕەهەندی سەربازی و مرۆییەوە جەخت لەسەر ئۆپەراسیۆنەكە دەكەنەوە".

نوێنەرەكەی ئۆباما جەختیشیكردەوە موسڵ كە شارێكی سونییە، پێویستە لەلایەن خەڵكی ئەو شارەوە بەڕێوەببرێت كاتێك شارەكە لە داعش پاكدەكرێتەوەو وتی"فەلسەفەكە لێرەدا بریتیە لە لامەركەزییەت‌و ئەوە فەلسەفەی حكومەتی عیراقیشە".

لەگەڵ نزیك بوونەوەی هێرشكردنەسەر ناوەندی شاری موسڵ بەمەبەستی كۆنتڕۆڵ كردنەوەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هۆشداریی دەدەن لە ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆر لەخەڵكی ئەو شارە.

لەو چوارچێوەیەدا رێكخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند"هەركە ئۆپەراسیۆنەكە لەدەوروبەری موسڵ چڕتردەبێتەوە، ڕەنگە زیاتر لە یەك ملیۆن خەڵك لە ماڵ و حاڵی خۆیان ڕابكەن و هەڵبێن بۆ ناوچە ئارامەكانی هەرێمی كوردستان.

لەماوەی‌ دوو ساڵی‌ رابردوودا، زیاتر لەملیۆنێك‌و 500 هەزار كەس بەهۆی‌ شەڕی‌ داعشەوە ئاوارەی‌ ناوچە ئارامەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بوون، كەزۆرینەیان خەڵكی‌ پارێزگاكانی‌ عیراقن‌.







خەندان-
Top