ناوی ئەو پردە دەگۆڕدرێت کە شەوی کودەتاکە سوپای تورکیا دایخست
لە چوارچێوەی ڕووداوەکانی کودەتا شکست پێهێندراوەکەی سوپای تورکیا، بەپێی داتاکانی پێشوو کە وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە بڵاوی کردووەتەوە، 264 کەس کوژراون لەوانەی کە لایەنگری حکوومەت و ئەردۆگان بوون و حکوومەتی ئەنقەرە بە شەهید لە قەڵەمی داون، لەگەڵ 2185 برینداری دیکە.
لە بەرامبەردا پێشتر سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕای گەیاندبوو کە 24 کەس لە کودەتاچییەکان کوژراون و 50 کەسی دیکەش بریندار بوون. جگە لەوەی هەزاران سەرباز و کەسانی بەشداربوو لەو کودەتایە، دەستگیر کراون.
یەکێک لە دیارترین ئەو شوێنانەی کە وەک هێمای کودەتاکە بەدیار کەوت، پردی بوغازی بوو کە بە پردی (بوسفۆڕ)یش ناسراوە، لەو پردەدا هێزەکانی سوپای تورکیا لە شەوی 15ی تەمووز، جووڵەیان کرد و پردەکەیان داخست کە بەهۆیەوە هاتوچۆ لە چەند بەشێکی نێوان ئەورووپا و ئاسیای شاری ئیستەنبۆڵ پەکی کەوت. دواتریش هاووڵاتییانی پشتیوانی حکوومەتی شەرعیی تورکیا، هەڵیانکوتایە سەر سوپاکەی سەر پردەکە و دوای شەڕێکی زۆر و ژمارەیەک کوژراو لە هەردوولا، توانییان پردەکە بکەنەوە و سوپاکە ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکەن.
هەر سەبارەت بە پردی بوغازی، دوێنێ دووشەممە 25\7\2016، بینالی یەڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا ڕای گەیاند: ”پردی بوغازی لە ئیستەنبۆل، بەهۆی ئەو قوربانییە زۆرەی لێی دراوە، ناوەکەی بۆ پردی شەهیدانی 15ی تەمووز دەگۆڕدرێت“.
بوغازی، بە مانای (تەنگەبەر یان گەروو) دێت کە بەهۆی هەڵکەوتنی پردەکە لەسەر گەرووی بوسفۆڕ ئەو ناوەی لێندراوە.
پردی بوسفۆڕ، کە پردی (بوغازی کۆپروسو)شی پێ دەگوترێت، یەکێکە لە 3 پردەکەی شاری ئیستەنبۆڵ لە تورکیا کە ئەم پردەیان لەسەر گەرووی بوسفۆڕ لە نێوان هەردوو دەریای مەڕمەڕە و دەریای ڕەش بونیاد نراوە، هەردوو بەشی ئەورووپا و ئاسیای شارەکە بەیەک دەبەستێتەوە. لە ساڵی 1970 کارکردن لە دروستکردنی پردی بوغازی دەستی پێ کردووە و لە 1973ش تەواو بووە.
باسنيوز
