لاڤرۆڤ: ئەوانەی داوای گۆڕینی رژێمی سووریا دەکەن بیرتەسک و چەپەڵن
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رۆژی دووشەممە 25-7-2016 لە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەڤانیدا بە تووندی دژایەتی وڵاتەکەی بۆ هەر پێشنیازێک بۆ گۆڕینی رژێم لە سووریا و لابردنی ئەسەد لە دەسەڵات دووپاتکردووەتەوە.
لاڤرۆڤ لە هەڤپەیڤینەکەیدا بە ئاشکرا رایگەیاندووە هەرکەس، یاخود هێزێک پێشنیازی گۆڕانی رژێم لە سووریا بکات، ئەو کەس و لایەنە خاوەنی بیرێکی تەسک و چەپەڵە، کەسانێکن خوازیاری ئەوەن شەڕ و ئاژاوە بەردەوامبێت.
وەزیری دەرەوەی رووسیا دۆخی عێراق و لیبیای وەک نموونە بۆ گۆڕانی رژێم لە سووریا هێناوەتەوەو رایگەیاندووە: "دوای رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێن لە عێراق و موعەمەر قەزافی لە لیبیا، چی بەسەر ئەو دوو وڵاتەدا هاتووە، هەرکەسێک خوازیاربێت هەمان شتیش بەسەر سووریادا بێت کەسێکی چەپەڵ و بیرتەسکە".
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەشکردووە کە داعش، پەیوەست نییە بە هیچ ئاینێک و تاوان و تووندوتیژی بەرامبەر بەهەموو گرووپ و نەتەوەیەک دەکەن، گوتوویەتیشی "چەکدارانی داعش بۆ کردنە ئامانجی خەڵک هیچ ئایین و سنوورێک ناناسن".
وەزیری دەرەوەی رووسیا رەخنەشی لە داگیرکردنەکەی عێراق لەلایەن سوپای ئەمریکا گرتووەو رایگەیاندووە، بەهۆی ئەو داگیرکارییە بەشێکی زۆر لە فەرماندەکانی سوپای پێشووی عێراق ئێستا چوونەتە نێو بەرەکانی داعش و هاوکات ئەو کەسانە خەڵکانێکی شارەزان لە تەکنیکەکانی شەڕ و سوودی زۆریان بۆ داعش هەبووە.
