فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل چەند هێرشێكیان لە سوریا ئەنجامدا

فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل چەند هێرشێكیان لە سوریا ئەنجامدا
ژمارەیەك گولە هاوەن لە سوریاوە كەوتنە بەرزاییەكانی جۆلانی نێوان ئەو وڵاتەو ئیسرائیل، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیلیش لەوەڵامدا سەرچاوەی هێرشەكانیان لەناو خاكی سوریا بۆردومانكرد.

بەپێی بەیاننامەیەكی سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئەو وڵاتە دوای كەوتنە خوارەوەی چەند گولە هاوەنێك لە ناوچەیەكی كراوەی نزیك پەرژینە ئەمنییەكانی نێوان ئیسرائیل‌و سوریا لە بەرزاییەكانی جۆلان، سەرچاوەی هێرشەكانیان "بەسەركەوتووانە بۆردومانكردووە".

لەبەیاننامەكەی سوپای ئیسرائیلدا ئاماژەبەوەكراوە كە بەهۆی گولە هاوەنەكانەوە هیچ زیانێكی گیانی یاخود برینداربوونێك لەسنوری ئەو وڵاتەدا نەبووە.

بەپێی بەیاننامەكە، ئیسرائیل، حكومەتی سوریا(رژێمەكەی ئەسەد) بە بەرپرسیار دەزانێت لەهەر هێرشێك كە لەو وڵاتەوە بكرێتە سەری، سوپای ئیسرائیلیش بەردەوامدەبێت لە وەڵامدانەوەی هەرمەترسییەك دژی سەروەری وڵاتەكەی.

رۆژنامەی تایمی ئیسرائیل، بڵاویكردۆتەوە كە ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەڵێت: گولە هاوەنەكان لەلایەن هێزە چەكدارەكانی گوندی (مەدینە بەعس)ی سنوریی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاڕاستەكراون‌و چەند سەرچاوەیەك لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئاماژەبەوەدەكەن كە ئەو هێرشانە لەلایەن بەرەی نوسرە، باڵی رێكخراوی ئەلقاعیدە لە سوریا ئەنجامدراون.

سەرەتای ئەم مانگەش سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: لە وەڵامی تەقەكردن لە پەرژینە ئەمنییەكانی نێوان وڵاتەكەیان‌و سوریا لەبەرزاییەكانی جۆلان، هێرشیانكردووەتەسەر دوو ئامانجی سەر بە سوپای سوریا، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەك سەبارەت بە جۆری ئامانجەكان و ئەو چەكانەی لە هێرشەكەدا بەكارهاتبوون بڵاوبكاتەوە.

لەبەیاننامەكەی پێشووی سوپای ئیسرائیلدا هاتبوو"تەقەكان، ژیانی دانیشتوانی ناوچەكە و هێزەكانمانی نەخستبووە مەترسییەوە.

هێزەكانی بەرگریی ئیسرائیل لەشەڕی ناوخۆی سوریادا بەشدارنین، بەڵام بەرگری لە خۆیان دەكەن و وەڵامی هەموو رووداێكی نائاسایی دەدەنەوە".

بەرزاییەكانی جۆلان لەدوای شەڕی شەش رۆژەی ساڵی 1967 لەلایەن ئیسرائیلەوە كۆنترۆڵكرا، كە پێشتر بەشێك بوو لە خاكی سوریا.
Top