قەرارگای حەمزە: سعودیە و ئەمریكا پلانی تێكدانی دۆخی ئەمنی ئێرانیان داناوە

قەرارگای حەمزە: سعودیە و ئەمریكا پلانی تێكدانی دۆخی ئەمنی ئێرانیان داناوە
جێگری فەرماندەی گشتی قەرارگای حەمزەی سوپای پاسداران دەڵێت، حیزبە كوردییەكانی ئێران لە هەرێمی کوردستان بە خواستی کونسوڵخانەکانی ئەمریکا و سعودیە کۆبوونەتەوە و پلانیان بۆ تێكدانی ئاسایشی ئێران داناوە.

بەگوتەی مەجید ئەرجومەندفەر، جێگری فەرماندەی قەرارگای حەمزە دەزگاکانی هەواڵگری سعودیە و ئەمریکا لە ساڵی رابردووەوە پلانیان بۆ تێكدانی ئاسایشی ئێران داڕشتووە و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە.

ئەو فەرماندەیەی پاسداران هەروەها دەڵێت، دەزگای هەواڵگری سعودیە لە ئەڵمانیا لەگەڵ هاوسەرۆکی پژاک کۆبووەتەوە.

ئەرجومەندفەر دەشڵێت، سعودیە و ئەمریکا لەرووی چەکوچۆڵ و کەرەستەی سەربازییەوە هاوکاری ئەو حیزبانەیان کردووە و لەبەرامبەریشدا داوایان لێکردوون ئێران دۆخی ئەمنی ئێران تێكبدەن.

حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو تۆمەتە رەتدەکەنەوە. ئەوان دەڵێن حکومەتی ئێران و سوپای پاسداران خوویان بەوە گرتووە کە بێ هەبوونی بەڵگە و بۆ سەرپۆشکردنی ناوەڕۆکی کێشەکان، نەیارانیان بە بەکرێگیراوی وڵاتانی دیکە لەقەڵەم بدەن. کۆنسوڵخانەی سعودیەش لە هەولێر پێشتر ئەو تۆمەتەی رەتکردووەتەوە.

جێگری فەرماندەی قەرارگای حەمزە بە ئاماژەدان بە پێکدادانەکانی ئەمدواییە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، بەهۆی پێکدادانەکانی ئەمدواییە دوو تیم لە پارێزگای ورمێ و سنە بەتەواوی لەنێوبردراون و 23 کەس کوژراون.

بەپێی ئەو ئامارەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاندووە، بەهۆی هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر پێشمەرگەکانیان لە ناوچەکانی شنۆ و سەوڵاوا، 11 پێشمەرگەی ئەو حیزبە گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لەماوەی رابردوو پژاکیش گیانلەدەستدانی چوار گەریلای بەدەستی هێزەکانی سوپای پاسداران راگەیاند.
Top