نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران داناخرێت
نازم دەباغ نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆماری ئیسلامی ئێران راگەیاند:" بەهۆی قەیرانی دارایی لە مانگی 8 ی ساڵی رابردووەوە بودجەمان بڕا، ئەمەش كێشەی دارایی و خەرجی و كرێی خانووی بۆ دروستكردووین و داوامان لە حكومەت كردووە، چارەسەرێكی ئەو دۆخە بكات، بودجەی سەرجەم نوێنەرایەتییەكان زۆر نییە بۆ بەردەوامی ئیشوكارەكان و پەیوەندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتان بەتایبەتی كۆماری ئیسلامی ئێران، كە دراوسێیەكی ستراتیژی ئێمەیە و پێویستە بودجەمان بۆ دابین بكرێت".
نازم دەباغ گوتی:" ماوەی چەند مانگێكە پارەی كرێی بینای نوێنەرایەتیمان لە تاران نەداوە، خاوەن موڵك داوای كرێ دەكات، ئێمەش نیمانە، بەڵام خەڵكی كوردستان دڵنیادەكەینەوە ئەگەر لە ماڵەكەی خۆشم دەوامم كردبێت نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان داناخرێت، بەڵام بۆ بەردەوامی ئیشوكاری نوێنەرایەتییەكان پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە جدی كار لە دابینكردنی بودجە بۆ ئەو نوێنەرایەتیانە بكاتەوە".
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئەیلوولی 2006 بە بڕیاری ژمارە 143ی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دامەزرا. ئەركی سەرەكی ئەم فەرمانگەیە دامەزراندن و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخستنی پەیوەندییەكانی وڵاتانی بیانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
حكومەتی هەرێمی كوردستان 14 نوێنەرایەتی لە وڵاتانی (ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئەمریكا، ئێران، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، نەمسا، رووسیا، پۆڵۆنیا، ئوسترالیا، سوید، بەلجیكا و سویسرا) هەیە.
