برایەكی ئۆباما دەنگ بە دۆناڵد ترەمپ دەدات
مالیك ئۆباما، زڕبرای باراك ئۆبامای سەرۆكی ئێستای ئەمریكا بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە: بە بۆچوونی ئەو دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان لوتبەرز نییەو وەك هاوڵاتیان لەسەر زەوییەو لە دڵیەوە قسەدەكات.
مالیك، هاوڵاتییەكی ئەمریكییەو لە ساڵی 1985ەوە لە واشنتۆن دەژی، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیادا كاریكردووە، ئەوەش پێشئەوەی ببێتە راوێژكارێكی دارایی سەربەخۆ.
ئەو زڕبرایەی ئۆباما لە وتەكانیدا ئاماژەی بەوەكردووە كە لە بۆچوونەكانی ترەمپ سەبارەت بە رێگریكردن لەچوونی مسوڵمانان بۆ ئەمریكا تێدەگاتو دەڵێت"من مسوڵمانم، بە دڵنیاییەوە، بەڵام ناكرێت رێگەبدەیت بە كەسانێك كە بەناوی ئیسلامەوە بسوڕێنەوە و تەقە لە خەڵك بكەن و خەڵك بكوژن".
مالیك ئۆباما رەخنە لەبراكەشی دەگرێت، بەوەی كە كارێكی زۆری بۆ هاوڵاتیانی ئەمریكیو خێزانەكەی نەكردووە، ئەوەش سەرەڕای ئەو چاوەڕوانییانەی دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2008 خەڵك لە ئەمریكاو كینیا لێیان دەكرد.
هەڵبژاردنی باراك ئۆباما وەك سەرۆكی ئەمریكا، خۆشحاڵیی هاوڵاتیانی كینیای بەدوای خۆیداهێنا بەتایبەت لە گوندی كۆگیلۆ، ئەو گوندەی كە باوكی ئۆبامای لێ لەدایكبووە پێش ئەوەی بۆ خوێندن بچێتە هاوای.
مالیك ئۆباما، ئەوەشی خستەڕوو كە بەهۆی ئازادی رادەربڕینەوە مافی خۆیەتی رەخنە لە براكەی بگرێت.
