پێکهێنانی گرووپی پاڵپشتیی کورد لە پەرلەمانی پۆڵۆنیا بە پێویست زانرا
زیاد ڕەئووف نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا لە ئاخروئۆخری حەفتەی ڕابردوو لە باڵەخانەی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا دیدارێکی لەگەڵ پەرلەمانتار کۆرنێڵ مۆراڤێچکی Kornel Morawiecki ئەنجام دا کە بەهۆی گەورەیی تەمەنەکەیەوە و ئەو خزمەتەی لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان پێشکەشی وڵاتی پۆڵۆنیای کردووە نازناوی سەرۆك پەرلەمانی فەخریی "Marszałek Senior” پێ بەخشراوە. ناوبراو پەرلەمانتارە لە باڵی ئۆپۆزسیۆنی "Kukiz 15”.
دیدارەکە بەشێك بوو لەو هەڵمەتە درێژخایەنەی کە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا دەستی داوەتێ لە پێناوی ناساندنی کۆمەڵکوژکرانی ئێزدییەکان بە دەستی داعش و کۆمەڵکوژی ئەنفال وەکو جینۆساید لە دژی مرۆڤایەتی. هەروەك دیدارەکانی پێشوو لەگەڵ پەرلەمانتاران و کەسایەتی گۆڕەپانی سیاسی، زیاد ڕەئووف هەردوو ڕاڤەی یاسایی بە پەرلەمانتاری ناوبراو بەخشی و دەست پێشخەرییەکانی لەو بارەیەوە پێ ڕاگەیاند. لەبەر ئەوەی ناوبراو کەسایەتییەکی کاریگەری، نوێنەری حکوومەت هانی دا بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو پرسە لە ناو پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکەی، بۆ ئەوەی ببێتە بابەتێکی سەر و حزبایەتی و پرۆژەیەکی لێ بێتە بەرهەم و هەموو لەسەری کۆک بن.
کۆرنێڵ مۆراڤێچکی لە گفتوگۆکانی پێشووتری لەگەڵ زیاد ڕەئووف دڵسۆزی و پشتیوانیی خۆی بۆ پرسی کورد دەربڕیوە. لەبەر ئەوە لە ئاخاوتنەکاندا باسی بەهێزتر کردنی پەیوەندییەکانی کوردستان و پۆڵۆنیا کرا و جەخت لەسەر دروستکردنی گروپێكی پشتیوانی کورد لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا کرایەوە. زیاد ڕەئووف هەروەها کێشەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستانی لەگەڵ ناوبراودا خستە بەر باس و وتووێژ.
