لەدوای كودەتاكەی توركیاوە 42 رۆژنامەنووس دەستگیر دەكرێن

 لەدوای كودەتاكەی توركیاوە 42 رۆژنامەنووس دەستگیر دەكرێن
كاربەدەستانی توركیا لەچوارچێوەی لێكۆڵینەوە لە هەوڵی كودەتاكەی پازدەی تەمووز فەرمانی دەستگیركردنی 42 رۆژنامەنووسیان دەركرد، یەكێكیان ژنە رۆژنامەنووسی ناودار نازلی ئەلیجاقە كە پێشتر ئەندامی پەرلەمان بووە.

كەناڵی خەبەر تورك رایگەیاند كە دە لەو رۆژنامەنووسانەی فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە بە بەلەمێك لە رێگەی دەریاوە لە كەنارەكانی شارۆچكەی لاكاش لە ئەنتالیاوە بۆ دەرەوە هەڵاتوون.

لە لایەكی دیكەوە هێڵی ئاسمانیی توركیا لە چوارچێوەی پاككردنەوەی دەزگەكانی دەوڵەت لە كودەتاچییەكان و لایەنگرانیان، 211 فەرمانبەری خۆی لەسەر كار دەركرد. ئەو دەزگەیە پێشتر 100 كارمەندی دیكەی خۆی بە تۆمەتی بەشداریكردن لە كودەتاكە دەركردبوو.

لە پاش كودەتاكەوە تا ئێستە كاربەدەستانی توركیا 60 هەزار كەسیان لەسەر كار دەركردووە، یان لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكەن، زۆربەیان سەرباز و دادوەر و پۆلیس و مامۆستا و فەرمانبەری حكومەتن.








باسنيوز
Top