ئۆباما دەنگ بە دۆناڵد ترەمپ دەدات

ئۆباما دەنگ بە دۆناڵد ترەمپ دەدات
زڕبرایەکی ئۆباما، رایگەیاند لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەنگ بە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان دەدات و دەیەوێت مەزنایەتی بۆ ئەمریکا بگەڕێنێتەوە.

مالیک ئۆباما، زڕبرای باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکیدا کە رۆژی یەکشەممە 24-7-2016 بڵاوکراوەتەوە رایگەیاندووە، لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەنگ بە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان دەدات.

مالیک کە ئێستا تەمەنی 58 ساڵە و لەباوکەوە برای ئۆبامایە ئاماژەی بەوەکردووە، ترەمپ کەسێکە لە دڵەوە قسەدەکات و درووشمەکەشی کە "مەزنایەتی بۆ ئەمریکا دەگەرێنمەوە"یە زۆر درووشمێکی جوانە، بۆیە دەنگی پێدەدات و خوازیارە ترەمپ جێی براکەی باراک ئۆباما، بگرێتەوە و ببێت بە 45ەمین سەرۆکی ئەمریکا.

زڕبراکەی سەرۆکی ئەمریکا کە ئێستا لە گوندێکی کینیا بەناوی کۆگیلۆ ژیانبەسەردەبات، پێشتر ئەندامی پارتی دیموکراتەکان، پارتەکەی باراک ئۆباما بووە، بەڵام سەبارەت بە گۆڕانی بۆچوونەکەی راگەیاندووە، سیاسەتەکانی ئۆباما و هەروەها هیلاری کلینتن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا بێهیوای کردووەو وایلێکردووە پشتیوانی لە پارتەکەی لینکۆڵن، پارتی کۆمارییەکان بکات.

مالیک نیگەرانییەکانی خۆشی بەرامبەر کوشتنی موعەمەر قەزافی سەرۆکی پێشووی لیبیا دەردەبڕێت و ئاماژەی بەوەکردووە کە ئۆباما و هیلاری کلینتن کە ئەو کاتە وەزیری دەرەوەبووە قەزافیان کوشتووە. ئەو قەزافی بە یەکێک لە باشترین هاوڕێکانی خۆی ناوی دەبات و دەڵێت: "کوشتنی قەزافی دۆخی لیبیای باشتر نەکردووە و بەڵکو خراپتری کردووە".

مالیک ئۆباما گلەیی لە ئۆبامای زڕبرای دەکات و دەڵێت، تا ئێستا براکەم هیچ هاوکارییەکی نەکردووم، هەرکاتێک ویستبێتم هەڵسمەوە، ئەو ویستوویەتی دابنیشم و پێشنەکەوم، ئاماژەی بەوەش کردووە کە"ئۆباما هەرگیز لە هیچ شتێک پشتیوانی لێنەکردووە".




رووداو
Top