توركیا 20 هەزار مامۆستای نوێ دادەمەزرێنێت

توركیا 20 هەزار مامۆستای نوێ دادەمەزرێنێت
حكومەتی توركیاك پلانی دامەزراندنی 20 هەزار مامۆستای نوێی راگەیاند دوای هەڵپەساردنی مافی وانەوتنەوەی هەزاران مامۆستا‌و كاری ژمارەیەكی زۆر لەفەرمانبەرانی كەرتی پەروەردەی وڵاتەكە، ئەوەش لەسەروبەندی هەڵمەتی روبەڕوبوونەوەی دژ بەتۆمەتبارانی هەوڵی كودەتاچییەكانی توركیا.

عیسمەت یەڵماز، وەزیری پەروەردەی نیشتمانی توركیا ئەمڕۆ یەكشەممە لەكاتی پێشكەشكردنی وتارێكدا بۆ هاوڵاتیانی خۆپیشاندەر، كە دژ بە هەوڵی كودەتاكەی 15ی ئەم مانگە رێكخرابوو، لەشاری سیڤاس-ی توركیا وتی "ئێمە ئەو خوێندنگە (گشتیانە) بەڕێوەدەبەین كە خاوەندارێتیان بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە‌و مۆڵەتی وانەوتنەوەی مامۆستاكانیان هەڵپەسێردراوە".

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویكردووەتەوە، كە عیسمەت یەڵماز لەوتەكانیدا ئاماژەیكردووە بەوەی كە شوێنی ئەو مامۆستایانە بە مامۆستای نوێ پڕدەكەنەوە‌و وتویەتی "رێگە نادەین هیچ خوێندكارێك ناڕەحەت بێت".

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا دوێنێ شەممە ئاشكرایكرد كە زیاتر لەدوو هەزار پەیمانگای نزیك لە فەتحوڵا گیولەن، رابەری بزوتنەوەی خزمەت-یان داخستووە، لەنێویاندا 15 زانكۆ، زیاد لە 934 خوێندنگا، 109 بەشە ناوخۆیی، 1 و 125 كۆمەڵە، 19 یەكێتی و 35 كۆمەڵەی توندروستی هەبوون.

ئەردۆغان لە وتەكانیادا ئاماژەیكرد بەوەی كە 13 هەزار و 165 كەس بەگومانی بوونی پەیوەندییان لەگەڵ هەوڵی كودەتا سەربازییەكەی 15ی ئەم مانگەدا دەستگیركردووە‌و دەستبەسەر كراون، لەنێویاندا هەزار و 485 ئەفسەری پۆلیس، زیاتر لە 8 هەزار سەربازی سوپا، 2 هەزار و 101 دادوەر و دەسەڵاتی دادوەری، 52 پارێزگار و 689 هاوڵاتیی مەدەنی هەن.

بەلایەنی كەمەوە 246 هاوڵاتی مەدەنی و هێزە ئەمنییەكان بەهۆی هەوڵی كودەتا سەربازییەكەوە كوژراون و نزیكەی 2 هەزار و 200ی دیكە برینداربوون.

درەنگانی‌ شەوی‌ 15ی‌ ئەم مانگە ژمارەیەك فەرماندەی‌ سەربازی‌ توركیا كودەتایان بەسەر تەواوی‌ جومگەكانی‌ دەسەڵاتدا راگەیاند، بەڵام دوای‌ چەند كاتژمێرێك دەسەڵاتی‌ توركیا بەسەرۆكایەتی‌ رەجەب تەیب ئەردۆغان شكستپێهێنانی‌ ئەو هەوڵەی راگەیاند.

شەوی‌ پێنجشەممەی‌ رابردوو 21ی‌ ئەم مانگەش، پەرلەمانی‌ توركیا بەزۆرینەی‌ دەنگ باری‌ نائاسایی‌ پەسەندكرد دوای‌ ئەوەی‌ لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری‌ ئەو وڵاتەوە بۆ ماوەی‌ سێ‌ مانگ راگەیەندرا.
Top