لە ئەڵمانیا بەچەقۆ هێرشکرایە سەر چەند کەسێک
پۆلیس هێرشکارەکەی دەستگیرکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری هێرشکردنەکە دیار نییە.
ئەڵمانیا هاوشێوەی بەلجیکا و فەرەنسا خەریکە دەبێت بە شانۆی هێرش و تووند و تیژی، لە شاری رویتلینگن لە ویلایەتی فۆرتمبێرگی ئەڵمانیا کۆچبەرێکی سووری بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر سێ کەس، ژنێک کوژراوە و دووکەسی دێکەش بریندار بوون.
پۆلیسی ویلایەتی بادن فۆرتمبیرگ رایگەیاند کە کۆچبەرێکی سووری بەچەقۆ هێرشی بۆ سەر سێ کەس ئەنجامدا لە ئاکامدا ژنێک کوژرا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون .
پۆلیس باسی لەوە کردووە کە هێرشبەرە سوورییەکە داوای مافی پەنابەرێتی کردووە لە ئەڵمانیا، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی دیکە دەربارەی چۆنیەتی هێرشەکە باس بکات.
لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا ئەم سێیەم هێرشی گورگە تەنیاکانە، لە رۆژی 18-7-2016 مانگ کۆچبەرێکی ئەفغانی لە نێو شەمەندەفەرێک هێرشی بۆسەر ژمارەیەک سەر نشین ئەنجامدا و پێنچ کەس برینداربوون.
شەوی هەینی 22-7-2016، گەنجێکی 18 ساڵانی ئەڵمانی بەڕەگەز ئێرانی هێرشی چەکداریی کردە سەر بازاڕێکی شاری میونشن و تەقەی لەو خەڵکە کرد کە لە دەورووبەری فرۆشگای ماکدۆناڵدز کۆبووبوونەوە. لە ئەنجامدا 9 کەس کوژران و 21 کەسی دیکەشی بریندار کرد، دواتریش خۆی کوشت.
گورگە تەنیاکان بەو کەسانە دەگوترێت کە بەشێوەی تاک و بەبێ ئەوەی پەیوەندی رێکخراوەییان بە هیچ گرووپ و لایەنێکەوە هەبێت، هێرشدەکەنە سەر خەڵک.
