ئێران پارتەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات تۆمەتبار دەکات

 ئێران پارتەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات تۆمەتبار دەکات
بەرپرسێكی دیکەی سوپای پاسداران وێڕای دووپاتكردنەوەی ئەو تۆمەتانەی كە وە پاڵ حیزبی دیمۆكرات و هێزەكانی دیكەی بزووتنەوەی كوردستانی ڕۆژهەڵاتی دەدەن، كۆبوونەوەی 6 لایەنی كوردستانی رۆژهەڵاتی بە پیلانی سعوودیە و ئیسرائیل ناو بردووە.

بەپێی هەواڵی "دیفاع پرێس" سایتی سەر بە سوپای پاسداران، لیوا مەجید ئەرجومەند، جێگری بنکەی "حمزە سیدالشهدا" شەوی ڕابردوو لە رێوڕەسمێكدا كە بۆ یەكێك لە پاسدارە كوژراوەكانی حکوومەت ڕێک خرابوو، گوتی: " تۆڕی سیخوڕیی ئەمەریكا و سعوودیە لە ساڵی ڕابردووەوە بە شێوەیەكی بەربڵاو و توكمە سەرقاڵی تێكدانی ئاسایشی ئێرانن و ئەو پرۆژەیان دەست پێكردووە".

ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران لە كاتێكدا كە هەوڵی داوە خۆی لە هێنانی ناوی تۆقێنەری حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەلات ببوێرێ، حیزبەكانی ئەو بەشەی كوردستانی بە "حیزبی سووننەتی و كلاسیك" ناو بردووە و گوتوویە: "سعوودیە بەڵێنی دابینكردنی چەكوچۆڵ و كەرەستەی سەربازیی بەو گرووپانە داوە و پاش 36 ساڵ توانیویە كە ئەو حیزبە كلاسیكانە لە دەوری یەكتر كۆ بكاتەوە."

مەبەستی ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران كۆبوونەوەی6 لایەنی رۆژهەلاتی كوردستانە كە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا و بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەكانی كۆماری ئیسلامی دوو جار كۆ بوونەتەوە.

ئەرجومەند لە درێژەدا باسی لەوەش كردووە كە ئەركی سەرەكیی ئەو حیزبانە كە لەلایەن ئەمەریكا و سعوودیەوە پشتگیری دەكرین، تێكدانی ئاسایشی ئێرانە.

لە ماوەی دوو مانگی رابردووا لە شارکانی شنۆ، مەهاباد، سەردەشت، سەقز و مەریوان، چەند تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان پێشمەرگەکانی حدکا و سوپای پاسدارانی ئێران ڕووی دا کە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە دە پێشمەرگەری دیموکرات و کوژرانی زیاتر لە 50 ئەندامی سوپای پاسداران.










باسنيوز
Top