نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دادگایی کردنی چەکدارانی زەنکی دەکات

 نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دادگایی کردنی چەکدارانی زەنکی دەکات
رێخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونسێف) داوای دادگایی کردنی ئەو چەکدارانە دەکات، کە سەری منداڵێکی فەلەستینییان بڕی.

یونسێف لە بەیاننامەیەکدا، ئیدانەی ئەو تاوانە دڕندانەیەی کردووە و داوای کردووە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە دوای ئەو کەسانەدا بگەڕێن، کە لە گرتەکەدا دەردەکەون و دادگایی بکرێن.

رۆژی پێنجشەممە 21ـی تەمموزی 2016، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کرایەوە، کە تێێدا چەکدارانی میلیشیای نورەدین زەنکی، کە میلیشیایەکی تورکمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایە، سەری منداڵێکی فەلەستینی بە ناوی عەبدوڵڵا عیسا دەبڕن، کە وەک لە شێوەی دیارە، نەخۆشە و لە نەخۆشخانە دەریان هێناوە.

بە گوتەی چەکدارە توندڕەوەکان، منداڵەکە، کە تەمەنی کەمتر لە 10 ساڵ دیارە، لەلایەن میلیشیایەکی فەلەستینیی لایەنگری رژێمی سووریا بەکار هاتووە بۆ هێرش کردنە سەر ئۆپۆزیسیۆن لە بەرەی حندەرات لە باکووری حەلەب، لە کاتێکدا ئەو توانای هەڵگرتن و بەکارهێنانی دەمانچەیەکیشی نییە.

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، گرووپی نورەدین زەنکی لەلایەن تورکیاوە پشتگیریی دەکرێت و کوردەکانی کوردستانی رۆژئاواش بەڵگە بەوە دەهێننەوە، کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، چەند چەکدارێکی ئەو گرووپە ئاڵای تورکیا بەرز دەکەنەوە و لەسەر مووشەکەکانیان نووسیویانە تۆڵەکردنەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و مووشەکەکان ئاراستەی گەڕەکی شێخ مەقسودی کوردنشین دەکەن.

گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە، لە شەڕەکانیاندا بە دڕندەترین شێوە توندوتیژی بەرامبەر خەڵکی سڤیل بەکار دەهێنن و لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە ئیدانە دەکرێن.

شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی ئەو وڵاتە رووی داوە و بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 300 هەزار هاووڵاتی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی دیکە.








باسنيوز
Top