پاسدارانی ئێران "دوژمنی یەکەم"ی وڵاتەکەی ئاشکرا دەکات
محەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی پێنجشەممە 21ـی تەمموزی 2016 لە گوتەیەکدا بۆ ژمارەیەک فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاند، دوژمنەکانی ئێران و "شۆڕشە ئیسلامییەکەی" هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ نانەوەی ئاژاوە لە ئێران.
لەکاتێکدا سیاسییەکانی ئێران خۆیان دوور دەگرن لە ناوهێنانی سعودیە وەک دوژمن بە ئاشکرا، محەمەد عەلی جەعفەری لە گوتەکەیدا سعودیەی بە "دوژمنی یەکەم"ی وڵاتەکەی داناوە و رایگەیاندووە، "سعودیە و ژمارەیەک دەوڵەتی دیکە بەڕوونی دوژمنی ئێرانن".
پێشتر هێزەکانی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە قوڵایی خاکی کوردستانی رۆژهەڵاتەوە رووبەڕووی سوپای ئێران بوونەوە و پشێوییەکی زۆر لەو بەشەی کوردستان دروست بوو، دواتر فەرماندە سەربازییەکانی ئێران رایانگەیاند، کە کونسوڵخانەی سعودیە لە هەرێمی کوردستان لە پشت ئەو پشێویانەی کوردستانی رۆژهەڵاتە.
باسنيوز
