ئێران.. هێزە ئەمنییەكان 40 كەسیان دەستگیر كرد

 ئێران.. هێزە ئەمنییەكان 40 كەسیان دەستگیر كرد
هێزە ئەمنییەكانی ئێران،40 كەسیان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان دەستگیر كردووە، بە گوتەی وەزیری ناوخۆی ئێران ئەو كەسانە لە تونێلێك كە بە مەبەستی كردەوەی تیرۆریستی هەڵكەندرابوو، دۆزراونەتەوە.

ڕەحمان فەزڵی، وەزیری ناوخۆی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە (21/7/2016)، بە ماڵپەڕە فەرمییەكانی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە: "40 كەس لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان دەستگیر كران و تونێلێكیش كە بە مەبەستی بەكارهێنانی كردەوەی تیرۆریستی هەڵكەندرابوو، دۆزرایەوە".

وەزیری ناوخۆی ئێران ئەوەشی ڕوون كردەوە كە ئەو تونێلە بە قووڵیی 20 مەتری و درێژایی 40 مەتر هەڵكەندراوە، كە ئامانج لێی تەقاندنەوەی ناوەندی سوپای پاسداران و هێزی پۆلیسی پارێزگای سیستان و بەلووچستان بووە و گوتیشی: "دوای 20 ساڵ، حزبی دیموكرات و كۆمەڵەی كوردستانیش لە ڕۆژئاوای ئێران دەستیان بە چالاكیی چەكداری كردووەتەوە".

پارێزگای سیستان و بەلوچستان دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی باشووری ئێران و 1100 كیلۆمەتر سنووری لەگەڵ هەر دوو وڵاتی پاكستان و ئەفغانستان هەیە و دانیشتوانی ئەو پارێزگایە لە نەتەوەی بەلوچ پێك دێن و بەردەوام كەوتوونەتە بەر هەرەشە دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، چەندین ساڵە ڕێكخراوی (جەیشولعەدڵ)ی بەلوچ، چالاكی چەكداری هەیە و لە ماوەی ڕابردوودا لە شەڕێكی چەكداری نێوان ئەندامانی ئەو ڕێكخراوە و سوپای پاسداران چەندین كەس لە هەردوو لا كوژران.









Top