كۆمەڵگەی ئەوروپی بەرەو نەمان دەچێ
لێكۆڵینەوەكە ئەمەش روون دەكاتەوە كە ساڵی رابردوو 5.1 مليۆن منداڵ لەدایكبوون بەرانبەر مردنی 5.2 ملیۆن كەس. لێكۆڵینەوەكە هۆكاری ئەم ڕێژەیەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوو، كە بۆ یەكەم جار لەو دەیەیە یەكێتی ئەوروپا نزمبوونەوەی پلە بەپلەی لە ڕێژەی لەدایكبووان بەخۆوە بینی، كە ئەمەش وای كرد ڕێژەی بەتەمەنەكان بەرزتر بێتەوە لەچاو گەنجان و منداڵان.
لێكۆڵینەوەكە ئەو دیاردەیەی بەگۆڕانە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی گرێداوەتەوە، كە وڵاتانی ئەوروپا لە دەیەكانی رابردوودا بەخۆیانەوە بینی. بەتایبەتی دوای ئەوە ژنان ڕوویان لە خوێندن و كارابوون لە بازاڕەكانی كار كرد، سەرباری بەكارهێنانی بەرچاوی ڕێگرییەكانی منداڵبوون.
بەم شێوەیە ئێستە یەكێتیی ئەوروپا ترسی ڕووبەڕووبوونەوەی لەناوچوونی مرۆڤی ئەوروپی هەیە لە داهاتوودا.
لێكۆڵینەوەكە دەڵێ بوونی ڕێژەیەكی زۆری پەنابەران لە ئەوروپا وای كردووە ئەو جیاوازییە گەورەیە بەدیار نەكەوێ و قەرەبووی كەمبوونەوەی ڕێژەی دانیشتووانی ئەوروپای كردووەتەوە.
