لە ئێران 16 کەس لەسێدارە دران یەکێكیان ژن بووە
لە راپۆرتەكەی ھێرانادا ھاتووە؛ یەكێك لەو بەندکروانەی دوێنێ لەسێدارە دراوە، ژن بووە، هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکان تەنیا توانراوە شوناسی دوو لەو کەسانە بە ناوەکانی سەعید سابری و موسلم بەهرامی پشتڕاست بکرێنەوە.
رۆژی شەممەی ڕابردوو 4 بەندکراو لە نەدامەتگا، 4 بەندکراو لە گرتووخانەی تارانی گەورە، بەندکراوێک لە قزڵحەسار، بەندکراوێکیش لە بەندیخانەی كەرەج و ژنێكیش كە دیار نییە لە چ بەندیخانەیەک گواستراوەتەوە، لە گرتووخانەی قزڵحەسار لەسێدارە دران.
بە گوتەی بەرپرسانی ئێران ئەو كەسانە بە تۆمەتی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون، ئەوە لە کاتێک دایە بەگوێرەی زانیارییەکان هەر دوێنی پێنج بەندکراوی دیکەش لە بەندیخانەکانی کەرەج و بیرجەند لەسێدارە دراون، بەو شێوەیە کۆی ئەو کەسانەی لەسێدار دراون گەیشتووتە 16 کەس.
تۆمەتی زۆربەی ئەو كەسانەی لە ئێران لەسێدارە دەدرێن، بازرگانیکردنە بە مادەی هۆشبەر و بەشیکیشیان بە تۆمەتی بیر و باوەڕی سیاسیی و كوشتن لەسێدارە دەدرێن.
