ئەمریکا ڕەتیکردەوە ڕۆڵی لە کودەتاکەی تورکیادا هەبووبێت
بەپێی بەیاننامەکەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دوێنێ ١٦ی تەموزی ٢٠١٦ جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و مەولود چاوشئۆغڵۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا و تاتوێی کودەتاکە و ڕەوشی ئەمنی تورکیایان کرد.
بەپێی بەیاننامەکە، کیری پشتگیری خۆی بۆ حکومەت و دامەزراوە شەرعییەکانی ئەو وڵاتە دەربڕی ڕاشیگەیاند، هاوکارییان دەکەن لە پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیانی مەدەنی لەو وڵاتەدا کە وەڵامی کودەتاکەیان دایەوە.
هاوکات کیری ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی تورکای لە لێکۆڵینەوە لەو کەسانەی لە پشت کودەتاکەوە بوون و ڕاشیگەیاند، هەر دەنگۆیەک هەبێت لەبارەی ڕۆڵی ئەمریکا لە کودەتاکەی تورکیادا هەڵەیە و زیان بە پەیوەندییەکانی هەردوولاش دەگەیەنێت.
شەوی ١٥ی تەموزی ٢٠١٦، پێنجەمین کودەتا لە تورکیا بە شکست کۆتایی هات دوای ئەوەی بەشێک لە فەرماندە و سەربازەکانی سوپای تورکیا لە دژى حكومەتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار ئاکەپە کودەتایەکیان ئەنجامدا، بەڵام لەلایەن دەزگاى هەواڵگرى و هێزە ئەمنییەکان و بەشێک لە فەرماندەکانی ناو سوپا سەرکوتکرا.
لە ئاکامی کودەتاکەش زیاتر لە ١٥٠ کەس کوژران و سەدانی تریش بریندار بوون، کە زۆرینەی کوژراوەکان لە کودەتاچییەکان بوون.
هاوکات بینالی یڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕایگەیاند، دوو هەزار و ٨٣٩ ئەندامی سوپا دەستگیرکراون کە سەربازی ئاسایی و ئەندامانی پلە باڵای سوپاشیان تێدایە.
سەرچاوەكانی هەواڵ
