مەغریب دووبارە رێگری لە ناوە ئەمازیغییەکان دەکات
رێکخراوی فیدڕاڵی نیشتمانی بۆ کۆمەڵە ئەمازیغیەکانی مەغریب لە راگەیەندراوێکدا باس لەوە دەکات، کە تەنیا ئەو مانگە 43 حاڵەتی رێگری کردن لە ناونانی منداڵان بە ناوە ئەمازیغییەکان کراوە.
پێنج ساڵ پێش ئێستا شای مەغریب یاسایەکی دەرکرد، کە رێگا بە ئەمازیغییەکان دەدات مافە رۆشنبیرییەکانیان وەربگرن و ناوی نەتەوەیی خۆیان لە منداڵەکانیان بنێن.
ئەمازیغییەکان نەتەوەیەکی ناعەرەبی باکووری ئەفریقیان، بەپێی زانیارییەکانی ویکیپیدیا، نەتەوەیەکی 30 ملیۆنین و بەسەر وڵاتانی مەغریب، جەزائیر، تونس و میسر دابەش کراون.
یەکێک لە کەسایەتییە هەرە دیارەکانی نەتەوەی ئەمازیغ، مەلیکە مەزانە، کە شاعیر و چالاکوانێکی ئەو نەتەوەیەیە و بەردەوام پشتگیریی گەلی کوردستان لە دژی نەتەوەی عەرەب دەکات و رایدەگەیەنێت، عەرەب وڵاتی کورد و ئەمازیغییەکانی داگیر کردووە.
باسنيوز
