ئیسرائیل هێرشیکردە سەر دوو ئامانجی سەربازی سوپای سوریا

ئیسرائیل هێرشیکردە سەر دوو ئامانجی سەربازی سوپای سوریا
هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل، هێرشکردنە سەر دوو ئامانجی سەربازیی سوپای سوریای لە نێوان سنووری ئەو دوو وڵاتە پشتڕاستکردەوە.

وتەبێژێکی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند "شەوی رابردوو، هێزەکانی ئیسرائیل دوو ئامانجی سەربازیی سەر بە سوپای سوریایان پێکاوە، ئەمەش دوای زیانگەیاندن بە پەرژینی ئەمنیی نێوان خاکی سوریا و ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان".

لە پەراوێزی شەڕ و پێکدادانەکانی ناو خاکی سوریادا، شەوی رابردوو تەقە لە پەرژینی نێوان ئیسرائیل و سوریا، لە بەرزاییەکانی جۆلان کراوە و زیان بە پەرژینەکە کەوتووە. لە وەڵامدا هێزەکانی ئیسرائیل دوو ئامانجی سەربازیی سوریایان پێکاوە، بەپێی رۆیتەرز.

بەرزاییەکانی جۆلان لە دوای شەڕی شەش رۆژەی ساڵی 1967 لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵکرا، کە پێشتر بەشێک بوو لە خاکی سوریا.

لە بەیاننامەیەکی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە "تەقەکان، ژیانی دانیشتوانی ناوچەکە و هێزەکانمانی نەخستبوویەوە مەترسییەوە. هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل لە شەڕی ناوخۆی سوریادا بەشدارنین، بەڵام بەرگری لە خۆیان دەکەن و وەڵامی هەموو رووداێکی نائاسایی دەدەنەوە".

وتەبێژەکەی هێزەکانی پاراستنی ئیسرائیل، هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە جۆری ئامانجەکان و ئەو چەکەی لە هێرشەکەدا بەکارهاتووە بڵاونەکردەوە.











خەندان
Top