حەسەكە، شەڕ لەنێوان ئاسایشی رۆژئاواو هێزێكی سوریا روویدا

حەسەكە، شەڕ لەنێوان ئاسایشی رۆژئاواو هێزێكی سوریا روویدا
شەڕو پێكدادان لەنێوان ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان و هێزێكی سەر بە سوپای سوریا لەشاری حەسەكە روویداو تائێستاش شەڕ بەردەوامە.

ئاژانسی هاوارنیوزی نزیك لەپەیەدە بڵاویكردەوە، كاتژمێر نۆو نیوی ئەمشەو، هێزێكی هەواڵگری ئاسمانی سوریا، بە چەكی سوك و مامناوەند تەقەیان لە خاڵی پشكنینی هێزی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان كردووە لە كۆڵانەكانی (قامیشلی، سەمارە، هۆڵی وەرزشی و ناوەندی بازاری سەرەكی) لەشاری حەسەكە و بەو هۆیەشەوە شەڕ روویداوەو هێشتا بەردەوامە.

تائێستا هیچ زانیارییەك لەبارەی زیانەكانی شەڕەكەوە بڵاونەكراوەتەوە.

ئەمە یەكەمجار نییە شەڕ لەنێوان هێزەكانی سەر بە سوریاو ئاسایشی كوردی لە رۆژئاوای كوردستان رووبدات، پێشتر چەند جارێك شەڕ لەنێوانیان روویداوە.

ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان، ساڵی رابردوو دوای شەڕو پێكدادانەكان لەگەڵ هێزەكانی سەر بە رژێمی سوریا، چەند ناوچەیەكیان لەحەسەكە كۆنتڕۆڵكردەوە كە بەدەست ئەو هێزانەوە بوو.
Top