له ماردین هه‌موو جۆره چالاكییه‌ك قه‌ده‌غه‌كرا
پارێزگاری ماردین ئه‌مڕۆ له به‌یاننامه‌یه‌كی نوسراودا رایگه‌یاند، به پێی یاسای دژه تیرۆری ژماره 3713 به ئامانجی رێگریكردنی له كرده‌وه‌ی چه‌كداری و تاوانه‌كانی دیكه، بۆ ماوه‌ی 30 رۆژ كه له ئه‌مڕۆوه ده‌ستپێده‌كات، هه‌موو جۆره چالاكیه‌كانی وه‌كو (سازكردنی كۆبونه‌وه، خۆپیشاندان، رێپێوان، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی، چادر هه‌ڵدان، ئاهه‌نگ....هتد) له شاروشارۆچكه‌كانی پارێزگای ماردین قه‌ده‌غه ده‌كرێت. به‌پێی (CNN Turk).
ئه‌وه له كاتێكدایه، ئه‌مڕۆ گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه هێرشیانكرده سه‌ر هێزێكی سوپای توركیا له هه‌رێمی به‌یتولشه‌بابی سه‌ر به پارێزگای شرنا‌خ له باكوری كوردستان، له ئه‌نجامدا ئه‌فسه‌رێكی سوپا كوژرا و ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی دیكه بریندار بوون.
دوای هێرشه‌كه، پارێزگاری شرنا‌خ، به ئامانجی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنێكی فراوان دژ به گه‌ریلاكانی (PKK) هه‌رێمی (به‌یتولشه‌باب) یان وه‌كو هه‌رێمێكی سه‌ربازی راگه‌یاند هه‌روه‌ها قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیان له‌ناوچه‌كه راگه‌یاند.
سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شه‌ڕی نێوان په‌كه‌كه‌و توركیا هاوینی رابردوو ده‌ستی پێكرده‌وه، ئه‌وه‌ش دوای دووساڵ له‌ئارامی هات به‌هۆی پڕۆسه‌ی ئاشتیه‌وه كه له‌ئێستادا به‌ته‌واوی په‌كیكه‌وتووه.
شه‌ڕ‌و پێكدادانه‌كانی په‌كه‌كه‌و توركیا، زۆربه‌ی ناوچه‌كانی باكوری كوردستانی گرتووه‌ته‌وه‌و له‌چه‌ند مانگی رابردوودا، به‌وهۆیه‌وه ده‌یان هاوڵاتی مه‌ده‌نی بونه‌ته قوربانی‌و سه‌دانی تریش خراونه‌ته زیندانه‌وه، جگه له‌و زیانه ماددیانه‌ی به‌ر خه‌ڵك‌و ناوچه‌كان كه‌وتوون له‌ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنی هێزه ئه‌منیه‌كانی توركیا‌و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه.
